ئێران: دۆخی ئابووریی وڵات زۆر دژرواتر دەبێت
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "لەبەر ئەوەی ڕۆڵی دۆلاری ئەمریکی لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتیدا فراوان و گشتگیرە، بۆیە کۆنترۆڵکردنی گرفت خولقێنە و لەوانەیە دۆخی ئابووریمان دژوارتر ببێت".
محەمەدجەواد زەریف لەمبارەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیای (BBC)، گوتی: "هەرچەند ئەو بەڵێنانەی کە ئەورووپییەکان بۆ پێشگیری لە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی ئێران دابوویان، ئەگەری زۆرە زیاتر لە جاوەڕوانییەکان بێت، بەڵام مەسەلەکە تەنیا بە پابەندبوونی بەڵێنی ئەورووپییەکان و خۆڕاگریی ئێران چارەسەر نابێت.
ئێران ئێستا لە دۆخێکی زۆر شپرزەی ئابووری دایە، بە جۆرێک کە بەهای نیشتمانیی پارەی ئەو وڵاتە لە ماوەیەکی کورتدا زۆر دابەزیوە و نرخی دۆلاری ئەمریکا لە بازارەکانی ئێران لە 3500 تمەنەوە بۆ زیاتر لە 13 هەزار هەتا 19 هەزاریش زیادی کردووە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری و بەتایبەتی ژیانی خەڵک داناوە.
هەرچەندە نرخی دۆلار لە باەرانبەر تمەندا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، بەڵام نرخی خۆراک و پێوداویستیی زەروور و ڕۆژانەی خەڵک هیچ کەم نابێتەوە و ئەمەش گوشارێکی زۆری بۆ بنەماڵە هەژارەکان هێناوە.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێک دان کە حەفتەی پێشوو عەلی ئەکبەر وەلایەتی ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕای گەیاند: "بەشێک لە گرفتە ئابوورییەکانی ئێران بە ڕووپیەی هیند، ڕۆبلی ڕووسیا و یۆئانی چین چارەسەر دەبن و ئیتر هیچ پێویستییان بە دۆلار نابێت.
پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران لە بەهاری ڕابردوو و جێبەجێبوونی قۆناغی یەکەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، دۆخی ئابووری و بازاڕی ئێران زۆر خراپ بووە و بە دەیان کۆمپانیای نیدەوڵەتی لە کەرتە جیاجیاکان لەو وڵاتە کشاونەتەوە و پێشبینی دەکرێت ڕێکەوتی 4ی نۆڤەمبەر کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران دەست پێ دەکات، دۆخی ئێران لە ئێستا خراپتر ببێت.
باسنيوز
