میدیای فەرمیی ئێران: تۆڵەی هێرشەکەی ئەهواز لە سعوودیە دەکەینەوە

  میدیای فەرمیی ئێران: تۆڵەی هێرشەکەی ئەهواز لە سعوودیە دەکەینەوە
ڕۆژنامەی (کەیهان) چاپی تاران کە سەر بە باڵی توندڕەوی دەسەڵاتی ئێران و عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێرانە، لە نوێترین ژمارەی خۆی دوای هێرشەکەی ئەهواز، داوا دەکات تۆڵە لە سعوودیە بکرێتەوە.



ئەو ڕۆژنامەیە سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامدەرانی ئەو هێرشەی بە بەستراوە و دەست و پەیوەندیی سعوودیە لەقەڵەم داوە مانشێتی سەرەکیی ئەمڕۆ یەکشەممە 2018/9/23 بۆ ئەو پرسە تەرخان کردووە و نووسیویە: "زللەی کاریگەر لە ڕیاز، لە تۆڵەی شەهیدانی ئەهواز" و لە درێژەدا دەنووسێت: "بە لەربەرچاوگرتنی بەرپرسایەتیی ئەو هێرشە تیرۆریستییە لەلایەن گرووپی سەر بە سعوودیەوە، ئەوە چاوەڕوانیی بەجێی خەڵکی دلێری ئێرانە کە تامی زللەی سەختی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بەرپرسانی دواکەوتووی سعوودیە بچێژن".



ڕۆژنامەی کەیهان لە سەوتاری خۆیدا بە ڕاپۆرتێک پرژاوەتە سەر تاوتوێ و لایەنە جیاوازەکانی ڕووداوەکەی دوێنێ لە ئەهواز و تۆڵەکردنەوە لە حکوومەتی سعوودیەی بە داوا و چاوەڕوانیی خەڵکی ئێران لەقەڵەم داوە.



هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی ڕۆژنامەی فەرمیی خامنەیی، ماڵپەڕی (سپۆتنیک) بڵاوی کردووەتەوە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە لە ئاخاوتنێکدا بە بۆنەی هەشتاوهەشتەمین ساڵڤەگەڕی ڕۆژی نیشتمانیی ئەو وڵاتە کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە میدیا فەرمییەکانی سعوودیە بڵاو کراوەتەوە، گوتی: "ئێمە هیچکات ئەو ڕێگەیە بە هیچ کەسێک نادەین کە بیهەوێ سەروەریمان پێشێل بکات و یاری بە چارەنووس و ئاسایشی وڵاتەکەمان بکات".



ئەم هەڵوێستەی ڕۆژنامەی کەیهان لە کاتێک دایە کە دوێنی عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا گوتی: "ئەم رووداوە درێژەی پیلانی وڵاتانی دەستنیشانکراوی ئەمریکایە لە ناوچەکە کە دژی ئێران دایانڕشتووە".



محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەو هێرشەیان بە تیرۆریستی ناو برد و ڕای گەیاند: "ئیسرائیل، ئەمریکا و دەست و پەیوەندییەکانیان لە پشتی ئەو هێرشەوەن و تەیاریان کردوون و ئێران بەمزوانە و بە توندی وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە".



هاوکات حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران لە لێدوانێکدا داوای لە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد بە جیدی و بە توندی وەڵامی ئەو هێرشە و هەر هێرشێکی هاوشێوە بدەنەوە.



هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سێ وڵاتی "دانیمارک، هۆڵەندا و بەریتانیا"ی بانگ کردووە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرانبەر ئەوەی هێرشبەرەکان لەلایەن ئەو وڵاتانەوە مافی نیشتەجێبوونیان پێ دراوە و داوای لێیان کردووە ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە ڕووداوەوە هەیە، ڕادەستی ئێرانیان بکەنەوە.



لە هێرشی چوار چەکداردا بۆ سەر ڕیوڕەسمی نمایشی سەربازی لە شاری ئەهواز لە پارێزگای خووزستان، هەتا ئێستا 29 چەکداری ئێرانی کوژراون و 57 کەسی دیکەش بریندار بوون.



یەک کاتژمێر دوای ئەو ڕووداوە گرووپی "بەگریی میللی ئەهواز" بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.







باسنيوز
Top