حەسەن رۆحانی لە ترسان نمایشێکی سەربازی بەجێ دەهێڵێت

حەسەن رۆحانی لە ترسان نمایشێکی سەربازی بەجێ دەهێڵێت
سەرۆک کۆماری ئێران لە ترسی هێرشی چەکداران، نمایشێکی سەربازی لە تارانی پایتەختی وڵاتەکەیدا، بەجێ دەهێڵێت.

رۆژی شەممە 22/9/2018، چوار چەکداری عەرەبی ئەهواز تەقەیان لەشوێنی دانیشتنی بەرپرسانی ئێران لە نمایشێکی سەربازی لە شاری ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێران، کرد.

بەپێی دوایین زانیاری، بەهۆی ئەو رووداوەوە، 25 سەرباز و ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون و 30ی دیکەش بریندار بوون.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران باس لەوە دەکەن، کە تا ئێستا سێ لە چوار چەکدارە هێرشبەرەکانیان کوشتووە.

ئەو نمایشە لە ساڵیادی دەست پێ کردنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران بە ناوی ”دیفاع موقەدەس)، لە هەموو شارەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بەشداریی نمایشێکی سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە تاران کرد.

دوای ئەوەی رووداوەکە بە حەسەن رۆحانی گەیەندرا، بە پەلە نمایشەکەی لە تاران بەجێ هێشتووە و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی دیکەش شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

شەڕی عێراق و ئێران لە مانگی ئەیلوولی 1980 دەستی پێ کرد و تا مانگی ئابی 1988 بەردەوام بوو. لەو هەشت ساڵەی شەڕدا، زیاتر لە یەک ملیۆن سەرباز و هاووڵاتی لە هەردوو وڵات، کوژران و زیاتر لە یەک ملیۆن و 900 هەزاری دیکەش بریندار بوون.










باسنيوز
Top