دۆناڵد ترەمپ: دوای لەناوبردنی داعش بڕیار لەبارەی مانەوەی هێزەكانمان دەدەین لە سوریا
دۆناڵد ترەمپ لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەندرێ دودا، سەرۆكی پۆڵەندا لە واشنتۆن دوێنێ سێشەممە وتی، "كارێكی زۆر باشمان لە سوریا و ناوچەكەدا ئەنجامداوە بۆ لەناوبردنی داعش، ئەوەش ئەگەری مانەوەمانە لەوێ".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لە ئێستادا نزیكبووینەتەوە لە كۆتایی هێنان بە چەكدارانی داعش، دواتر بڕیار دەدەین كە چی دەكەین".
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەروەها جەختی كردەوە، كە بڕیارێكی خێرا دەدەن لە بارەی مانەوەی هێزەكانیان لە سوریا.
ماوەی هەفتەیەكە قۆناغی دووەمی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیرە بەڕێوەدەچێت و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بەردەوامن لە پێشڕەوییەكانیان، ئەوەش بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا،
هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بە چڕی و بە مووشەك بۆردومانی بنكەكانی چەكدارانی داعش دەكەن و هێزەكانی هەسەدەش لە زەوییەوە ناوچەكان لە چەكدارانی داعش پاكدەكەنەوە.
لە دوای دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی هەڵمەتی گەردەلوولی جەزیرە لەلایەن شەڕڤانی هەسەدەوە، دەیان هاوڵاتیی سیڤیل لە سنووری باكووری شارۆچكەی حەجین-ەوە خۆیان گەیاندووەتە شارۆچكەی ئیوا.
پێشتر روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندبوو، هێزەكانی سوریای دیموكرات بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش بەرە و كۆتا مۆڵگەی داعش لە رۆژهەڵاتی فورات لە پارێزگای دێرەزوور پێشڕەوی دەكەن.
خەندان
