ڕووسیا: فڕۆکەیەکی سەربازیمان لە نزیک سووریا دیار نەماوە
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەو فڕۆکەیە کاتێک دیار نەماوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری فەرەنسی لە پارێزگای لازقیەی سووریا سەرقاڵی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوون.
تۆڕی هەواڵی (CNN) و ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویان کردووەتەوە واشنتۆن پێی وایە ئەو فڕۆکە جەنگییەی ڕووسیا بە هەڵە لەلایەن قەڵغانی ئاسمانیی سوپای سووریاوە کراوەتە ئامانج.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیادا هاتووە: "ئەیلوشین – 20" کاتێک دیار نەماوە کە چوار فڕۆکەی جەنگیی "ئێف 16"ی ئیسرائیل لە پارێزگای لازقیە سەرقاڵی کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکانی سووریا بوون و لەوانەیە بە هەڵە لێی درابێت."
هاوکات هەر لەو کاتەدا کۆنترؤلی ئاسمانیی ڕووسیا مووشەکێکی پێکاوە کە لەلایەن "ناو"ێکی فڕۆکەهەڵگری فەرەنسییەوە هاوێژراوە.
لازقیە لە ڕۆژئاوای سووریا و کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست هەڵکەتووە. سوپای ڕووسیا و ئێران کە بە دوو هاوپەیمان و پاڵپشتی حکوومەتی بەشار ئەسەد دێنە ئەژمار، بنکەی ئاسمانیی "حمیمیم" بەکار دەهێنن.
باسنيوز
