ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق

 ئەمریکا گەمارۆ دەخاتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا نوێنەرانی کۆماریخواز لە کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژە یاسایەکیان بۆ بەرەنگابوونەوەی پێگەی ئێران لە عێراق و گەمارۆخستنە سەر گرووپ و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق ئامادە کردووە.



ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی کردەوە لەو پرۆژەیەدا جیا لەو پلانی گەمارۆ گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، وەزیری کاروباری ئەمریکا دەبێ لیستەیەک لەو گرووپ و میلیشیایانە ئامادە بکات کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە یارمەتی وەردەگرن.



بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو پرۆژە یاسایە کە لەژێر ناوی "یاسای گەمارۆی نوێنەرانی تیرۆریستیی ئێران" داڕێژراوە بە پشتیوانیی هەردوو سیناتۆر "تد کرووز و مارکۆ ڕۆبیۆ" خراوەتە ڕوو.



ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە هێشتا دیار نییە چ کاتێک ئەو پرۆژانە لە کۆمیتەکانی کۆنگرێس دەخرێنە بەرباس، چونکە تاوتوێی ئەو پرۆژانە لە کۆمیتەکانی هەر یەک لە سینا و کۆنگرێس، یەکەم هنگاوە بۆ بە یاساییبوونی پرۆژەیە.



خستنە بەرباسی ئەم پرۆژەیە لە کۆنگرێسی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گوتەبێژی کۆشکی سپی دوێنێ چوارشەممە ئێرانی بەوە تۆمەتبار کردوو کە ئەو وڵاتە پێشی بە هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر کۆنسووڵگەریی ئەمریکا لە بەسرە و کۆمەڵگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا نەگرتووە.



شەوی هەینیی ڕابردوو سێ گوللە هاوەن ئاراستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کران کە سەرجەم بینا حکوومی و کۆنسووڵگەریی وڵاتانی تێدایە، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێرشی لەو چەشنە نەکراوەتە سەر ناوچەی سەوز.



هاوکات گوتەبێژی کۆشکی سپی مووشەکبارانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکراتی ل کۆیە ئیدانە کردووە و بە هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەی لەقەڵەم داوە.






باسنيوز
Top