ئەمەریکا لەبارەی بەکارهێنانی ئاسمانی ئێران هۆشداری دەدات

ئەمەریکا لەبارەی بەکارهێنانی ئاسمانی ئێران هۆشداری دەدات
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکانی بە ئاسمانی وڵاتی ئێراندا گوزەر نەکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەوڵی رۆیتەرز، ئیدارەی فڕۆکەوانی فیدراڵی ئەمەریکا، بەهۆی بوونی چالاکی سەربازی لە ئاسمانی ئێران پەیوەست بە جەنگی سووریا، داوا لە فڕۆکەکانی دەکات خۆیان بە دووربگرن لە بەکارهێنانی ئاسمانی ئێران لە گەشتەکانیاندا.

ئیدارەکە ناشیشارێتەوە، لە کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو، فڕۆکەی جەنگی ئێرانی، رێگایان لەفڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئەمەریکی گرتووە.

مەکتەبی خزمەتگوزاری گەشتی فڕۆکەوانی ئەمەریکا لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەرچی کردنەوەی ئاسمانی عێراق لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بژاردەی زیاتریان دروستکردووە، بەڵام هیچ رێڕەوێکی تەواو سەلامەت لەناوچەکە بوونی نییە. دەبێت فڕۆکەکان هۆشیاربن لە هەڵبژاردنی ئاسمانی عێراق بۆ ئێران".

پێشتر ئەمەریکا بەهۆی مەترسی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن، داوای لە هاووڵاتیانی کردبوو کە گەشت بۆ ئێران نەکەن. واشنتن هۆشداری داوەتە هاووڵاتیانی لە عێراقیش و ئامۆژگاریان دەکات خۆیان لە عێراق بە دوور بگرن.



K24
Top