ئەمەریکا دژی ئێران مانۆڕی سەربازی دەستپێدەکات

ئەمەریکا دژی ئێران مانۆڕی سەربازی دەستپێدەکات
ئەمەریکا دژی هەڕەشەکانی ئێران بۆ داخستنی گەروی هورمز، چەند مانۆڕێکی سەربازی لە دەریای سوور و کەندوای فارس ئەنجامداوە.

وەک ئەوەی لە هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ هاتووە، سکۆت ستێرنێی، فەرماندەیەکی هێزی دەریاوانی ئەمەریکا، لەبارەی مانۆڕەکە بە رۆژنامەنووسانی گوتووە: "مانۆڕەکە نیشانی دەدات کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئامادەی پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریایین".

ئەو فەرماندە ئەمەریکییە دەشڵێت: "ئەمەریکا دەبێت ئامادەیی بۆ هەرشتێک هەبێت کە هەڕەشە لە بەرژەوەندی و کەشتییەکانی دەکات".

سکۆت ستێرنێی پێشیوایە، چالاکییەکانی ئێران لە دەریای سوور ناسەقامگیری دروستدەکات.

پێشتر عەلی رەزا تەنسگیری، فەرماندەی دەریاوانی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو کە تاران کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر کەنداوی فارس و گەروی هەرومزدا هەیە.

لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران دەگەڕێنێتەوە کە سێکتەری نەوت و وزە لەخۆ دەگرێت، بەم پێیەش بێت، کەشتییەکانی ئێران بۆیان نییە نەوت هەناردە بکەن، ئێرانیش سوورە لەسەر ئەوەی، هەناردەی نەوتی خۆی نەوەستێنێت.



K24
Top