ترەمپ: دۆخی ئێران لەوپەڕی شپرزەیی دایە
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتوویەتی: "ناتوانێ پێشبینیی ئەوە بکا دۆخی داهاتووی ئێران چی بەسەر دێت و بۆشی گرنگ نییە کە ئایا ڕێبەرانی ئێران بیانەوێ لەگەڵی گفتوگۆ بکەن، یان نا".
سەرکۆماری ئەمریکا کە دوێنێ چوارشەممە 2018/9/5 لەگەڵ سوباح ئەحمەد جابر ئەلسوباح، ئەمیری کوێت لە کۆشکی سپی کۆ بووەتەوە و لەبارەی ئێرانەوە گوتی: "دۆخی ئێستای ئێران لەوپەڕی شپرزەیی دایە و ڕێبەرانی ئەو وڵاتە تەنیا لەبیری ڕزگارکردنی دەسەڵاتەکەیاندان".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەگەری هەیە لە پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە ڕێکەوتی 2018/9/25 بەڕێوە بچێ، لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی دیداری هەبێت؟ ترەمپ گوتی: "ئەمە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، نەک من، من هەموو کات ئامادەم و پێشتریش گوتوومە، بەڵام بۆم گرنگ نییە ئەو دیدارە بکرێت یان نا".
پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەوتۆمی لەگەڵ ئێران، دۆنالد ترەمپ ئاشکرای کرد ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بکات، کە دواتر عەلی خامەنیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکای لە هەلومەرجی ئێستا قەدەغە کرد و حەسەن ڕۆحانیش گوتی بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆ ببێتەوە.
پاش گەڕاندنەوەی بەشێک لە گەمارۆکانی سەر ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە داتەپیوە و بەهای تمەنی ئێرانی لە بەرانبەر دۆلار ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و گرانی، بێکاری و قەیرانە ئابوورییەکان ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانیان خراپتر کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاووڵاتیان.
باسنیوز
