ئێران هەڕەشەی کوشتن لە چەند سەرکردەیەک دەکات
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (سکای نیوز)، رۆژی شەممە 1/9/2018 قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران بەشێوەیەکی راستەوخۆ نامەی هەڕەشەئامێزی بۆ ئەو سەرکردانە ناردووە، کە هەوڵی نزیکبوونەوە لە کوتلەی هاوپەیمانییەکانی نەسر و سائیرون دەدەن.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری حکوومەتی عێراقی بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، قاسم سولەیمانی هەڕەشەنامەکەی بۆ سەرکردە سوننەمەزهەبە دیارەکانی عێراق ناردووە و هەڕەشەی ئەوەی لێ کردوون، کە نابێ بچنە پاڵ موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی سائیرون و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر.
فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی داوای لە سەرکردە سوننەمەزهەبەکان کردووە، بچنە پاڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی.
هەر ئەمڕۆ شەممە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەیدا کردبوو.
رۆژی 19/8/2018 دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد، کە هەڵبژاردنەکە لە رۆژی 12/5/2018 ئەنجام درا و تا ئێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
بەپێی ماددەی 54ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، دەبێ پەرلەمانی نوێ بە سەرۆکایەتیی بە تەمەنترین ئەندامەکانی، لە ماوەی 15 رۆژ دوای پەسەندکرانی ئەنجامی هەڵبژاردن لە دادگای فیدڕالی، کۆ ببێتەوە.
باسنيوز
