سەردانی شاندێکی ئەمریکی بۆ دیمەشق ئاشکرا دەبێت

 سەردانی شاندێکی ئەمریکی بۆ دیمەشق ئاشکرا دەبێت
سەردانی شاندێکی حکوومەتی ئەمریکا بۆ دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئەو وڵاتە، ئاشکرا دەبێت.



رۆژی چوارشەممە 29/8/2018، سەرچاوەیەک لە بەرەی پشتیوانیی لە رژێمی سووریا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیاندووە، سەردانەکەی شاندە ئەمریکییەکە لە مانگی 6ـی ئەمساڵ ئەنجام دراوە.



ئەو سەرچاوەیە هەروەها رایگەیاندووە، شاندە ئەمریکییەکە لە دیمەشق لەگەڵ عەلی مەملوک، سەرۆکی نووسینگەی ئاسایشی نیشتمانیی سووری کۆ بووەتەوە.



هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی هەردوو وڵات تاوتوێی چۆنێتیی و رێکارەکانی چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکایان لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کردووە.



جگە لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی ئەمریکی و رژێمی سووریا باسی کەیسی بۆردومانە کیمیاوییەکانیان کردووە، کە رژێمی سووریا دەیکاتە سەر هاووڵاتییان، کەیسی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و چارەنووسی ئۆستن تایسی رۆژنامەنووسی ئەمریکی، کە لە ساڵی 2012ـەوە لە سووریا رفێندراوە.



هەروەها رۆژنامەی (ئەلئەخبار)ی لوبنانی ئاشکرای کردووە، کە شاندە ئەمریکییەکە لە چەند ئەفسەرێکی ئەمنیی و دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) پێکهاتبوو و بە فڕۆکەیەکی ئیماراتیی تایبەت بە شەو گەیشتبووە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق.



لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، وڵاتانی ئێران و رووسیا و میلیشیا عێراقییەکان و حزبوڵڵای لوبنانی، لە بەرەی پشتیوانی لە رژێمی سووریان دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن.



ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش هێزی ناردووەتە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و مەشق بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) دەکات، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، پێکهێنەری سەرەکیی ئەو هێزەیە.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.




باسنيوز
Top