مایک پۆمپیۆ: کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزی لە دەست نییە. گەرووەکە رێڕەوێکی ئاویی جیهانییە

مایک پۆمپیۆ: کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزی لە دەست نییە. گەرووەکە رێڕەوێکی ئاویی جیهانییە
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەڵامی فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی لەبارەی داخستی گەرووی هورمزدایەوە و دەڵێت کۆنتڕۆلی ئەو گەرووە لای ئێران نییە.

دوێنێ دووشەممە، عەلی رەزا تەنگسیری، فەرماندەی دەریاوانی سوپای پاسداران رایگەیاندوبوو: "ئێران کۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر کەنداو و گەرووی هورمزدا هەیە".

ئەو فەرماندەیە راشیگەیاندبوو: "ئەگەر ئەمەریکا بەکارهێنانی ئەو گەرووە لە ئێران قەدەخەبکات، ئەو تاران ئەو گەرووە بە تەواوی دادەخات".

لایخۆیەوە مایک پۆمپیۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسدارانی داویەوە و نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزی لە دەست نییە. گەرووەکە رێڕەوێکی ئاویی جیهانییە".

پۆمپیۆ دەشڵێت: "ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئازادیی رێڕەوە دەریاوانییەکان و ئازادی بازرگانی تیایاندا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی".

لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکانی سەر ئێران دەخاتە واری جێبەجێکردنەوە و سزای هەر کۆمپانیایەکی نەوت دەدات مامەڵە لەگەڵ تاراندا بکات.

وەک کاردانەوەیەکیش تاران سوورە لەسەر ئەوەی گەرووی هورمز دابخات و پێشتریش مانۆرێکی سەربازی لەو گەرووە ئەنجامدابوو.

گەرووی هورمز دەکەوێتە نێوان هەردوو کەنداوی فارس و عومان، تاکە رێڕەوی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کوەیت، بەحرەین، ئێران، عێراق و ئیماراتە بۆ دەریای هیندی.





K24
Top