سزاکانی ئەمریکا بەسەر رووسیا دەچنە بواری جێبەجێکردن
رۆژی دووشەممە 27/8/2018 هەموو سزاکانی سەر رووسیا چوونە بواری جێبەجێکردن، کە پێشتر بڕیاری سەپاندنی درابوو، بەهۆی بەکارهێنانی گازی کیمیاوی لە لەندەن لە دژی سیخوڕێکی رووسیی بەریتانی، کە دەگوترێ حکوومەتی رووسیا لە پشت ئەو هەوڵەیە.
سزاکانی ئەمریکا بەسەر رووسیا، بریتین لە؛
- رێگرتن لە فرۆشتنی چەکی ئەمریکی بە دەزگا رووسییەکان.
- رێگرتن لە چوونی ئەو بەرهەمانەی دەتوانرێ لە بواری سەربازی و مەدەنی بەکار بهێندرێن (جگە لەو کەلوپەلانەی بۆ چوونە بۆشایی ئاسمان بەکار دەهێندرێن).
- رێگرتن لە دەزگا ئەمریکییەکان لە پێدانی قەرز و گەرەنتیی بیمەیی بە رووسیا.
لە بەرامبەردا، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، ئەو سزایانە هیچ گرنگییان نابێت و نایاسایین و هیوای خواستووە ئەمریکا هەست بە ”شکستی ئەو سیاسەتەی خۆی بکات“.
رۆژی 4/3/2018، لاشەی سێرگی سکریپاڵ و کچەکەی بەبێ هۆشی لە شەقامێکی شاری سالیزبوری لە باشووری بەریتانیا دۆزرانەوە. حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ئەو بە گازێکی کیمیاوی هێرشی کراوەتە سەر.
سەرچاوەکانی پۆلیسی بەریتانی باسیان لەوەش کردووە، کە چەند دەزگایەکی هەواڵگریی جیهانی سەلماندوویانە دەزگای هەواڵگریی رووسیا لەپشت ئەو هەوڵەی تیرۆرکردنە.
سێرگی سکریپاڵ ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا بوو. کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا دەکرد و دواتر ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا. لە ساڵی 2010 لە میانەی گۆڕینەوەی سیخوڕە دەستگیرکراوەکان، ئازاد کرا و نێردرایە بەریتانیا.
باسنیوز
