فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێران کەوتە خوارەوە
بەپێی زانیارییەکان لەو ڕووداوەدا فڕۆکەوانەکەی بەناوی لیوا (مەنووچێهر فەتاحی) کوژراوە.
تا ئێستا سەرچاوە و میدیاکان و لایەنی پەیوەندیدار و سوپای ئێران هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە و وردەکارییەکانیان بڵاو نەکردووەتەوە.
کەوتنە خوارەوە ئەو فڕۆکە جەنگییەی ئێران لە کاتێکدایە کە هەفتەی پێشوو ئێران بە فەرمی لە ڕۆژی "پشتیوانی و بەرگری"دا پەردەی لەسەر یەکەم فڕۆکەی جەنگیی "دەسکردی ناوخۆ" لادا و حەسەن ڕۆحانی و بەرپرسانی باڵای سەربازی و بەرگریی ئێران ڕایان گەیاند ئێران لە بواری فڕۆکەوانی و بەرگریدا گەیشتووەتە ئاستێک کە هەموو شتێکی بەرهەمی ناوخۆیە.
پاش ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئەو فڕۆکەیە ئێرانی نییە و دسکردە و بەرهەمی ئەمریکا و ئێران کۆپیی کردووە و هەندێ وێنە و بەڵگەش بڵاو کرایەوە کە دەرخەری ئەوەن ئەو فڕۆکەیە هەمان ئەمریکییە و ئێران تەنیا ڕەنگی کردووە.
ساڵانە چەندین حاڵەتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە و کۆپتەری سەربازیی ئێران ڕوو دەدات کە هۆکاری زۆربەیان تەکنیکی و کۆنیی فڕۆکەکانن.
باسنيوز
