محەمەد جەواد زەریف: شەڕەکەی ئەمریکا تەنیا دژی ئێران نییە، بەڵکو دژی هاوبەش و دۆستە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەشە
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (تەسنیم)، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە 26/8/2018 رایگەیاندووە، شەڕەکەی ئەمریکا تەنیا دژی ئێران نییە، بەڵکو دژی هاوبەش و دۆستە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەشە.
محەمەدجەواد زەریف هەروەها رایگەیاندووە، ئەو شەڕەی ئەمریکا لە دژی ئێران بەرپای کردووە، تەنیا شەڕی دەروونییە.
چەند مانگێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
