ئەپڵ: هاووڵاتییانی تورکیا بەدەنگ داواکەی ئەردۆغانەوە نەچوون
نوێنەری فرۆشتنی کۆمپانیای ئەپڵ لە ئەنقەرە بە ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی راگەیاندووە، ”رێژەی فرۆشی ئایفۆن دانەبەزیوە“ و لە نێوان 10 کڕیاردا، سێ کەسیان داوای مۆبایلی ئایفۆن دەکەن، کە بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵە.
ئەو نوێنەرەی ئەپڵ هەروەها رایگەیاندووە، لە تورکیا، خەڵک بە دەنگ داوایەکەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی کۆماری وڵاتەکەیان بۆ دوورکەوتنەوە لە بەرهەمە ئەمریکییەکان نەچوون، کە هەفتەی رابردوو داوای لە هاووڵاتییانی تورکیا کرد لە بری ئایفۆن، سامسونگی کۆریای باشوور و ڤیستەڵی تورکی بەکاربهێنن.
سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 20/8/2018، بەهای لیرەی تورکی جارێکی دیکە دابەزی و گەیشتە 611 لیرە بەرامبەر 100 دۆلاری ئەمریکی، لە کاتێکدا لە کۆتایی رۆژی هەفتەی رابردووی بۆرسەی جیهانی، 601 لیرە بەرامبەر 100 دۆلار بوو.
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.
کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.
حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.
باسنيوز
