جۆن بۆڵتەن: بەرنامەی ناوکی و مووشەکیی ئێران گرفتی ئەمریکا و ئیسرائیلە
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، بنیامین ناتانیاهۆ لە دەسپێکی دیدار لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن بۆڵتەنی بە (پاڵپشتی یەکێتیی ئەمریکا و ئیسرائیل) لەقەڵەم دا و ئەو سەردانەی بۆ ئیسرائیل بە زۆر گرنگ وەسف کرد.
ناتانیاهۆ گوتیشی: "ئێوە کاتێک ئەم سەفەرەتان کردووە کە بڕیای گرنگ لەلایەن پرێزێدێنت دۆناڵد ترەمپەوە لەبارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئوورشەلیم هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتنی ترسناکی ناوکی لەگەڵ ئێران، دراوە.
لەو دیدارەدا کە دوێنێ یەکشەممە لە ئیسرائیل پێکهاتووە، لەبارەی چۆنیەتیی پێشگیری لە چالاکییەکانی ئێران لە ناوچە، هەروەها گەرەنتی ئەوەی کە ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی ڕانەگات، گفتوگۆ کراوە.
بۆڵتەن ئاماژەی بەوەش داوە: "ئێوە ئاماژەتان بە هەندێ پرس کرد، بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کە گرفتی زۆر لەبەردەم ئەمریکا و ئیسرائیل و هەموو جیهان دایە، لەسەرووی هەموویانەوە بەرنامەی ناوکی و مووشەکە بالستیکەکانی ئێران و دەبێ ئیسرائیل و ئەمریکا لەمبارەوە بە جیدی گفتوگۆ بکەن".
باسنیوز
