وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: میلیشیا عێراقییەکان مایەی هەڕەشەن بۆ هاووڵاتییانمان

 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: میلیشیا عێراقییەکان مایەی هەڕەشەن بۆ هاووڵاتییانمان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە میلیشیا عێراقییەکان مایەی هەڕەشەن بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا.



وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا، ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی ئەمریکا دەکات، کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ عێراق بپارێزن، چونکە وڵاتێکی ترسناکە.



وەک لە ماڵپەڕەکەدا ئاماژەی پێ کراوە، ئەگەر هەیە هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق رووبەڕووی رفاندن و توندوتیژی ببنەوە، چونکە چەندین گرووپی تیرۆریستی و توندڕەو لەو وڵاتەدا هەن.



وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا میلیشیا تائیفییەکان، کە زۆربەیان لەژێر ناوی حەشدی شەعبی بە فەرمی کار دەکەن، ”رەنگە هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئەمریکی و کۆمپانیا بیانییەکان لە عێراق بکەن“.



لە ئامۆژگارییەکەدا بەبیر هاووڵاتییانی ئەمریکی هێنراوەتەوە، کە تواناکانی حکوومەتی وڵاتەکەیان لە عێراق بۆ بەهاناوەچوونیان ”زۆر سنووردارە“.



دوای رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراق لەساڵی 2003، حزبە شیعییەکان، کە نزیکن لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دەستیان بەسەر حوکمڕانیی ئەو وڵاتەدا گرت.



لەژێر سایەی ئەو حزبە شیعییانەوە، دەیان گرووپ و میلیشیای تائیفی دروست بوون، کە دواتر بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان، لەژێر ناوی حەشدی شەعبی رێکخرانەوە.



حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای تائیفی پێکهاتووە و دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، دروست بوو.



لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.



باسنیوز
Top