وەزارەتی بەرگریی رووسیا: پێنج فڕۆکەی گرووپە چەکدارەکانمان تێکشکاندووە

 وەزارەتی بەرگریی رووسیا: پێنج فڕۆکەی گرووپە چەکدارەکانمان تێکشکاندووە
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیەنێت، کە پێنج فڕۆکەیان نەیارانی سوپای وڵاتەکەیان تێک شکاندووە.



وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاندووە، ئەو پێنج فڕۆکەیە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بوون و لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەوڵی نزیکبوونەوەیان لە بنکەی ئاسمانیی حومیمیم لە سووریا، داوە.



بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (RT)ـی رووسی، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لەو ناوچانەی پارێزگای ئیدلیبەوە بەرەو بنکەی حومەیمیم چوون، کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی گرووپە توندڕەوەکانەوە.



وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان هەر پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان تێک شکاندووە.



لە مانگی ئەیلوولی 2015ـەوە، سوپای رووسیا بۆ پشتیوانیی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، هێزێکی وڵاتەکەی لە سووریا جێگیر کردووە.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنيوز
Top