وەزیری دارایی تورکیا: لە دووشەممەوە پلانێکی نوێ بۆ ئابووریی وڵات جێبەجێ دەکەین
بەرات ئالبایراک، وەزیری دارایی تورکیا بە رۆژنامەی (حورییەت)ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، پلانەکە بۆ بانکەکان و ئابووریی راستەقینە ئامادە کراوە و کارگە بچووکەکانیش دەگرێتەوە، کە زۆرترین زیانیان لە بەرزیی و نزمیی بەهای لیرە و دۆلار پێگەیشتووە.
بەرات ئالبایراک هەروەها رایگەیاندووە، لە سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 13/8/2018ـەوە پلانەکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی وردەکاریی پلەنەکەوە ئاشکرا نەکردووە.
ماوەیەکە بەهۆی کێشەکانی ئەمریکا و تورکیاوە، بەهای لیرەی ئەو وڵاتە دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممەش)، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 769 لیرە.
دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەهۆی دروستبوونی کێشەیە لەنێوان ئەمریکا و تورکیا، کە زۆرتر بەهۆی قەشەیەکی ئەمریکییەوەیە.
کێشەکان زۆرتر بەهۆی دەستبەسەرکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دروست بوون، کە حکوومەتی تورکیا بە سیخوڕیکردن بەسەر تورکیا و هاوکاریکردنی فەتحوڵڵا گیولەن، رێبەری بزووتنەوەی خزمەت، تۆمەتباری دەکات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ تورکیا، بڕیاری لادانی بەخشینی تورکیای لە رسووماتە گومرگییەکان دابوو، بەمەش زیانێکی گەورەی دارایی بە کەلوپەلی هەناردەی تورکیا بۆ ئەمریکا دەگات، کە زیانەکە دەگاتە نزیکەی یەک ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.
قەشە ئەندرۆ برانسۆن، کە قەشەیەکی ئەمریکییە و لە تورکیا دەژی، نزیکەی دوو ساڵە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ئیزمیر لە تورکیا، دەستبەسەر کراوە.
حکوومەتی تورکیا فەتحوڵڵا گیولەن بە پیلاندانان بۆ کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا لە تەمموزی 2016 تۆمەتبار دەکات و داوا لە ئەمریکا دەکات بینێرێتەوە تورکیا، کە ئێستا لە ویلایەتی پەنسلڤانیا دادەنیشێت.
باسنیوز
