سزاکانی ترەمپ لە دژی ئێران حەشدی شەعبی هەراسان دەکات

 سزاکانی ترەمپ لە دژی ئێران حەشدی شەعبی هەراسان دەکات
بەهۆی سەپاندنی ژمارەیەک سزا بەسەر ئێرا لەلایەن ئەمریکاوە، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەراسان دەبن و تووشی قەیران دەبنەوە.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، حەشدی شەعبی بە فەرمانی ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆکی دەستەی گشتیی میلیشیاکان، هەموو میلیشیا جیاوازەکان شاری مووسڵ بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە بەغدا و شارە شیعەنشینەکانی باشووری ئەو وڵاتە.



هەروەک ئەو میدیایانە بڵاویان کردووەتەوە، جگە لە بڕیاری کشانەوە لە مووسڵ، ئەبو مەهدی موهەندیس بڕیاری داخستنی هەموو بارەگا سیاسی و ئابوورییەکانی حەشدی شەعبی لە شارەکانی عێراق داوە.



چاودێران پێیان وایە ئەو بڕیارانەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەهۆی سزاکانی سەر ئێرانە، چونکە ئەو وڵاتە هاوکار و پاڵپشتی یەکەمی حەشدی شەعبی بوو و ئێستاش ئاوورییەکەی لاواز بووە و چەندین گەمارۆشی خراوەتە سەر، کە ناتوانێ چیتر هاوکاریی ئەو میلیشیایانە بکات.



حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای چەکداریی شیعەمەزهەب پێک دێت، کە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق بەرامبەر نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014، بە فەتوای ئایەتوڵلا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دروست بوو.



دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.



بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکاوە، ئابووریی ئێران بەرەو بارێکی زۆر خراپ چووە و تومەنی ئەو وڵاتە بەهای لەدەست داوە، بەشێوەیەک، بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن تومەن.



شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.



رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.



وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.



باسنيوز
Top