وەزارەتی دەرەوەی توركیا: ترەمپ هیچ حیسابێكی بۆ یاساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانی نەكردووە
حامی ئاكسۆی لەبارەی زیادكردنی باج بەسەر ئەلەمنیۆم و ئاسنی توركیا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی، "ترەمپ هیچ حیسابێكی بۆ یاساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانی نەكردووە و باجی زیاتری خستووەتە سەر ھەناردەكردنی بەرھەمەكانمان لە ئاسن و ئەلەمنیۆم، ئەستەمە ئەم بڕیارە بگونجێت لەگەڵ جدییەتی دەوڵەت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەمەریكا دەبێت ئەوە بزانێت كە بە سەپاندنی ئەم جۆرە سزایانە و گوشارخستنەسەر، ھیچ ئەنجامێك بەدەست ناھێنێت و تەنھا زیان بە پەیوەندیی ھاوپەیمانێتی نێوانمان دەگەیەنێت، گشت ئەو ھەنگاوانەی بەرامبەر توركیا دەھاوێژرێت، ھەروەكو پێشتر و، لەمەودواش وەڵامی پێویستی دەبێت".
ئاكسۆی راشیگەیاندووە، توركیا هەمیشە كێشەكانی بە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسی و لێك تێگەیشتن چارەسەركردووە.
دوێنێ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە، فەرمانیكردووە بە زیادكردنی گومرگ و باج بۆ دووهێندە لەسەر هەناردەی ستیل و ئەلەمنیۆمی توركیا بۆ ناو ئەمەریكا.
هەروەها رایگەیاندبوو، "لە ئێستاوە لەسەدا 20 باج دەخەینە سەر ئەلەمنیۆم و لەسەدا 50ش باج دەخەینە سەر ستیلی توركیا، بڕیارەكە لیرەی توركی زۆر بەخێرایی لە بەرامبەر دۆلارە بەهێزەكەماندا دادەبەزێنێت".
خەندان
