جەستن ترۆدۆ هەڵوێستی خۆی لەبارەی کێشەکەی وڵاتەکەی و سعودیە ئاشکرا دەکات
جەستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کەنەدا بەردەوم بە ئاشکرا و بە نهێنی، پشتگیریی مافەکانی مرۆڤ دەکات و سەکۆنەی پێشێلکردنیان دەکات.
جەستن ترۆدۆ هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی نایەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیە خراپ بێت، بەڵام ”ئێمە داوای لێبووردن لە سعودیە ناکەین“.
رۆژی 6/8/2018، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە رایگەیاند، هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کەنەدا دەپچڕێنن و داوای لە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە کەنەدا کرد بگەڕێتەوە و مۆڵەتی 24 کاتژمێریشی بۆ چوونە دەرەوەی بە باڵیۆزی کەنەدا لە سعودیە، دا.
ئەو کاردانەوەیەی سعودیە دوای ئەوە هات، کە کریستینا فریلاند، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، ئیدانەی دەستگیرکردنی سەمەر بەدەوی، خوشکی رائیف بەدەویی چالاکوانی کەنەدیی بە رەگەز سعودی کرد و داوای کرد ”دەستبەجێ ئازاد بکرێن“.
باسنيوز
