بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران باسی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا دەکات

 بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران باسی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا دەکات
بەرپرسێکی حکوومەتی ئێران باسی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا، دەکات.

بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێزە ئێرانییەکان لەسەر داوای رژێمی سووریا لەو وڵاتە جێگیر بوون.

بەهرام قاسمی هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی دەتوانێ ”راوێژکارەکان“ی لە سووریا کەم بکاتەوە یاخود هەموویان بکێشێتەوە، ئەگەر ”سەقامگیریی رێژەیی“ لەو وڵاتە بەردەست بێت و تیرۆر لە سووریا بنبڕ بکرێت.

ئێران لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، بە ناردنی هێز و میلیشیای چەکداریی و چەک و تەقەمەنی، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن.

هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل بە توندیی دژایەتیی بوونی هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا دەکەن و چەند جارێکیش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکە و بارەگاکانی هێزە ئێرانییەکانیان لە سووریا بۆردومان کردووە.

وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئەمریکا بەردەوام باس لەوە دەکەن، کە ئێران چەندین میلیشیای چەکداریی وەک حزبوڵڵای لوبنانی، حوسییەکانی یەمەن، حەشدی شەعبی لە عێراق و میلیشیای فاتمیونی ئەفغانی لە سووریا، بە سەرکردایەتیی قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی دروست کردووە.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.













باسنيوز
Top