ئەمریکا: بە وردی چاوەدێریی خۆپیشاندانەکان لە ئێران دەکەین
لە ئەکاونتی فارسیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە (تویتەر) هاتووە: "ئێمە بە وردی چاودێریی خۆپیشاندان و ناڕەزایی خەڵک لە شارەکانی (ئیسفەهان، کەرەج، شیراز و تاران) دەکەن و هەروەک مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەش ڕای گەیاندووە دۆخی تاڵی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران ئەوەیە کە حکوومەت و بەرپرسانی ئیران سەرقاڵی ئاخنینی گیرفانی خۆیانن، لە حالێکدا خەڵک بێکارن و برسییانە و بۆ ڕەخساندنی هەلیکار و گۆڕانکاری و بژیو، هاوار دەکەن".
لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزیی شارەکانی ئێران، چوار سیناتۆری لە هەر دوو پارتی کۆماریخواز و دیموکراتی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای پشتگیری لە ویست و داخوازی ڕەوای خۆپیشاندەرانی ئێرانی، داوایان لە ئەمریکا کردووە، هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ تا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەی بەپەلە و نائاسایی ڕێک بخەن و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەکرێن، ئیدانە بکرێن و ڕێکارێک بۆ چاودێریی ئەو پێشێلکارییانە بگیرێتە بەر".
ماوەی پێنج ڕۆژە شەپۆلێکی نوێ لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی لە شارە گەورەکانی ئێران وەک "ئیسفەهان، تاران، مەشهەد، شیراز، کەرەج، ساری و...." خەڵک لە ناڕەزایی بە بێکاری، گرانی و ناسەقامگیربوونی دۆخی ئابووری و بازاری دراو، دەستی پێکردووە.
ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزاییانەی کۆمەڵگەی ئیران لە کاتێکدا سەریان هەڵداوە، کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئێران، وەک دۆناڵد ترەمپ، حەسەن ڕۆحانی، محەمەدجەواد زەریف و چەند فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لە ئاستی لێدوانی تونددا دژی یەکتر قسەیان کردووە.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کاتێکدان، کە دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا داوای لە ئێران کردووە کە بەبێ مەرج ئامادەی دانوستان و وتووێژە و ئەم پرسە بووەتە هۆی مشتومڕ و کێشە و ململانێی نێوان بەرپرسانی باڵای باڵە جیاوازەکان و بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران وەک "محەمەدعەلی جەعفەری و قاسم سلێمانی" بە توندی وەڵامی ئەمریکایان داوەتەوە و دانوستان لەگەڵ ئەو وڵاتەیان بە مەحاڵ لەقەڵەم داوە، بەڵام هەڵوێستی عەلی خامنەیی کە یەکلاکەرەوەی ئەم پرسەیە، هەتا ئێستا دیار نییە و بێدەنگە."
باسنیوز
