هەواڵگریی تورکیا: ئەفسەرە هەڵاتووەکان لە دەرەوە کۆبوونەوە دژی تورکیا دەکەن
بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان، دەزگای میت رایگەیاندووە، ئەفسەرەکان سەر بە گرووپی فەتحوڵڵا گیولەنن و دوای کودەتا شکستخواردووەکەی بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا، هەڵاتوون.
دەزگای میت هەروەها رایگەیاندووە، زانیاریی نهێنییان پێگەیشتووە، کە بەشێک لەو ئەفسەر و فەرماندە تورکە هەڵاتووانە بە نهێنی لە شارێکی ئەڵمانیا کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا، پەیامی فەتحوڵڵا گیولەنیان بۆ چۆنێتیی دژایەتیکردن و ”ناشیرینکردنی ناوبانگی حکوومەتی تورکیا“، پێگەیشتووە.
دەزگاکە ئەڵمانیای بە ”بنکەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و ئەندامەکانیان“ هەژمار کردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی هەزاران لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و لایەنگرانی فەتحوڵڵا گیولەن.
فەتحوڵڵا گیولەن، کە لە ویلایەتی پەنسلڤانیا لە ئەمریکا دەژی، زانایەکی ئیسلامیی تورکە و هەزاران لایەنگری هەیە، کە لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستیی تورک گۆش کراون و حکوومەتی تورکیاش بە پلانداڕێژەری کودەتا شکستخواردووەکەی 2016ـی دادەنێت.
رۆژی 15/7/2016، بەشێک لە فەرماندەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان دا کودەتایەک بەسەر حکوومەتی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتدار و رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماردا بکەن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان و گەلی تورکیا، توانی شکست بەو کودەتایە بهێنێت و دواتریش بزووتنەوەی گیولەنی قەدەغە و خستییە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەزاران لایەنگریشی دەستگیر کرد و لەکار دوورخستنەوە.
باسنيوز
