ئابووریی ئێران پێش لە گەمارۆکان تووشی داڕمان بووه

ئابووریی ئێران پێش لە گەمارۆکان تووشی داڕمان بووه
پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پێش لە گەمارۆ خستنەسەر ئێران، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بههۆی ترس له گەمارۆکانی ئەمریکا، چالاکییە ئابوورییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕاگرتبوو.



ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا، باسی له دۆخی ئابووریی ئێران و لەنێوچوونی دامەزراوە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە کردووە.



ئەم بڵاڤۆکە له ڕاپۆرتەکەی خۆیدا نووسیویەتی: هەوڵەکانی بەرپرسانی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە دوابەدوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەرۆکی پێ گرتبوون، تووشی شکست هاتووە و ئەوان پێش لە خولی نوێی گەمارۆکان تووشی کێشەی ئابووری ببوون.



ئەم ڕاپۆرته ئاماژه به هەوڵەکانی حەسەن ڕۆحانی لەم بارەیەوە دەکات و دەڵێ: حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران، بههۆی ناکارامەیی له پێشگرتن به دابەزینی نرخی ڕیاڵ ڕەخنەی لە بەرپرسی بانکی ناوەندیی رێژیم گرت و لە ئاکامدا لەسەر کارەکەی لای برد.



ئەم ڕاپۆرته هەروەها باس لە ناڕەزایەتییەکانی زستانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران دەکات و دەڵێ: لە حاڵێکدا کە ترەمپ دەیەوێ گەمارۆ بخاتە سەر ئەو کڕینانەی کە لە ئێراندا بە دۆلار دەکرێن، لە مانگەکانی ڕابردوودا دەیان ناڕەزایەتی لە بەرانبەر زیادبوونی نرخەکان، گەندەڵی و خەساری ژینگەیی ڕوویان داوە.



بەپێی زانیارییەکان هەناردەکردنی نەوتی ئێران، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا 8% دابەزیوە و نرخی بێکاری لەنێو گەنجان 30%ە.




باسنیوز
Top