تاجیکستان: بکوژانی گەشتیارییە بیانییەکان لە ئێران مەشقیان پێ کراوە
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە ناوچەی "دەنغەرە" لە 100 کیلۆمەتریی دووشەممە پایتەختی تاجیکستان، ئۆتۆمبێلێک چوار گەشتیاری پایسکێلسواری بیانیی بە ئەنقەست کردە ژێرەوە و پاشان سەرنشینیانی ئۆتۆمبێلەکە بە چەقۆ هێرشیان کردووەتەوە سەر گەشتیارەکان.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئەو کەسانە کە دوو گەشتیاری ئەمریکی، هۆڵەندییەک و گەشتیارێکی سویدی بوون، سێ کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و پاشان کەسی چوارەم بە برینداری لە نەخۆشخانە مردووە، لانیکەم سێ گەشتیاری دیکەی بیانی کە یەکیان فەرەنسی بووە، لەو هێرشەدا بریندار بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی تاجیکستان، ئەندامانی حزبی بزووتنەوەی ئیسلامیی تاجیکستان بە سەرکردایەتیی حوسێن عەبدولسەمەدۆف، کە حزبێکی نایاسایی و قەدەغەیە، بەرپرسیاری کوژرانی ئەو گەشتیارانەن.
لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە عەبدولسەمەدۆف، چوار جار لە شارەکانی قۆم و مازندەران لە ئیران مەشقی سەربازی و پەروەردەی ئیسلامیی بینیوە.
هێرشبەران بەرەو ئەفغانستان هەڵاتوون و یەکێک لە هێرشبەران دەستگیر کراوە و دانی بەو تاوانەکەدا ناوە و زانیاریی لەبارەی ناسنامەی هێرشبەران و شوێنی مەشق و ڕاهێنانیان کردووە.
باسنيوز
