بانکی ناوەندیی ئێران: ناسەقامگیریی بازاری دراو پیلانی دوژمنانە
ئەو ڕاگەیەندراوەی بانکی ناوەندیی ئێران لە کاتێک دایە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پاش دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆکی ئەو بانکە، سەرۆکێکی نوێی بۆ دەستنیشان کرا و دەزگای دادوەریی ئێرانیش دوێنێ ڕای گەیاندووە 29 کەسیان دەستگیر کردووە کە تێکدەر و شێوێنەری ئابووری و بازار ناودێری کردوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیی ئێراندا هاتووە: "گۆڕانکارییەکانی ئەمدوای بازاری دراو و زێڕ کە بە ئەنقەست دەستی دوژمنانی تێدایە، هەتا گرژی و ئاڵۆزیی ئابووری و ناسەقامگیریی دەروونی ساز بکرێت، بە وردی لەژێر چاوەدێرییان دایە".
دوێنێ یەکشەممە 2018/7/29 بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی لە بازارە نافەرمییەکانی ئێران سنووری 10 هەزار تمەنی تێپەڕاند و هاوکات سکەی زێڕیش گەیشتە زیاتر لە چوار ملیۆن، بەرزبوونەوەی لەناکاوی دراو و زێڕ لە بازاری ئێران لە ڕۆژێکدا ڕووی دا، کە عەبدولناسر هێمەتی، وەک سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.
بەڕای ئابووریناسان ئاڵۆزی بازاری دراو و ئابووریی ئێرانی گرتووەتەوە و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک و پێداویستیی ڕۆژانەی خەڵک، بووەتە قەیرانێکی قووڵ لەو وڵاتە و کۆنترۆڵی بازار لە دەستی حکوومەتدا نەماوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیدا هاتووە: "بەرنامەی پێویست و نوێی لە کارنامەی سەرۆکی نوێی ئەو دەزگایەدا هەیە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بەکار دەبن و وردەکارییەکانی دەخەنە ڕوو".
باسنيوز
