لە تاڵانکردنی سامانی گشتییەوە تا پەکخستنی پرۆسەی سیاسی.

لە تاڵانکردنی سامانی گشتییەوە تا پەکخستنی پرۆسەی سیاسی.

 

ئەوەی ئەمڕۆ لەژێر چەتری «یەکێتی نیشتمانی کوردستان»دا دەگوزەرێت، زنجیرەیەک بێسەرووبەری و هەڵەی ستراتیژییە؛ ئامانج لێی تەنها مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پڕکردنی گیرفانی کوڕانی تاڵەبانییە لەسەر حیسابی خوێن و خاکی ئەم گەلە. ئەوان نەک هەر سامانی گشتییان تاڵان کردووە و لە مێزی قومار و گەمە سیاسییە هەرزانەکاندا خستوویانەتە مەترسییەوە، بەڵکو خاکی پیرۆزی کوردستانیشیان کردووەتە کاڵایەک بۆ بازرگانی و دەستگرتن لەگەڵ دوژمنانی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هاوکاتە لەگەڵ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە «زۆنی خنکێنراو» و ڕێککەوتنی ژێر بەژێر لەگەڵ شاسوار کەبابچی، بە ئامانجی تێکدانی هەرچی شکۆ و دامەزراوەی نیشتمانییە.
ئەم سیاسەتە تێکدەرانەیە لە دژایەتیکردنی کابینەی نۆیەم و ئاستەنگ دروستکردن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمدا ڕەنگی داوەتەوە. یەکێتی دەیەوێت بە زێدەخوازییەک، کە لە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆی گەورەترە و لە ڕووی لۆژیکی سیاسییەوە مەحاڵە، پۆست بەدەست بهێنێت؛ ئەمە لە کاتێکدایە نەک هەر پارتی، بەڵکو جەماوەرەکەیشی چیتر ئامادە نین باجی هەڵە و زێدەخوازییەکانی یەکێتی بدەن و سازش لەسەر ماف و پشکی یاسایی خۆیان بکەن.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، بافڵ تاڵەبانی لە هەموو بۆنەیەکدا بە شان و باڵی یەکێتییەکەیدا هەڵدەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە زلهێزەکان داوای لێ دەکەن کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات، کەچی ئەو پارتەی خۆی بە خاوەنی سەدان دانا و بیرمەند دەزانێت، نەیتوانیوە کێشەیەکی نێوان ئامۆزاکان چارەسەر بکات.
با بافڵ تاڵەبانی و ئەوانەی لە دەوری کۆبوونەتەوە باش بزانن؛ ئەم شێوازەی سیاسەتکردن و بەکارهێنانی عەقلیەتی «قەیرانیزم» بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە حیزبییەکان، چیتر لە لایەن خەڵکەوە قبوڵ ناکرێت. خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی چارەسەری کێشەکانن، نەک زۆرترکردنیان.
ئەگەر پێیان وایە بە فشار، تۆقاندن، یان دروستکردنی بارودۆخی نائاسایی دەتوانن ئیرادەی خەڵک بگۆڕن یان هاوکێشەی سیاسی بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ئاڕاستە بکەن، ئەوە هەڵسەنگاندنێکی نادروستە و لە خەیاڵدان. ئەزموونی چەندین ساڵی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە هیچ لایەنێک ناتوانێت بەبێ متمانە و پشتگیریی جەماوەری و «ڕەزامەندیی پارتی»، بەردەوام بێت. بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێبازە بێسەروبەرە، زیاتر لە هەر کەسێک زیان بە خودی یەکێتی و شوێنەواری سیاسییان دەگەیەنێت.

 

Top