پێگەی دەستووریی دامەزراوە یاسادانەرەکان لە کاتی پەککەوتنی سیاسیدا
ڕەوایەتیی پەرلەمان لە سیستەمە دیموکراسییەکاندا بابەتێکی ڕەها نییە، بەڵکو ڕەوایەتییەکەی مەرجدارە بە بەردەوامیی کارکردن و جێبەجێکردنی ئەرکە بنەڕەتییەکان. کاتێک دامەزراوەیەکی یاسادانەر بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی وەک پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و پەسندکردنی بودجەی گشتی دەستەوسان دەبێت، بە "دامەزراوەی پەکخراو" هەژمار دەکرێت. بەپێی ماددەی (٥)ی دەستووری عێراق، دەسەڵات لە گەلەوە سەرچاوە دەگرێت و بۆ خزمەتی گشتی بەکار دەهێنرێت؛ کەواتە هەر پەککەوتنێک لەم ئەرکەدا، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی ئەو ڕەوایەتییە دەستوورییەیە.
دادگای باڵای فیدراڵی لە چوارچێوەی پاراستنی سەقامگیریی دەستووری و بە پشتبەستن بە ماددەی (٩٣)ی دەستوور، دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی هەیە کە دەبنە هۆی پەککەوتنی دەوڵەت. ئەگەرچی ماددەی (٦٤)ی دەستوور میکانیزمی ئارەزوومەندانەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دیاری کردووە، بەڵام دادگای فیدراڵی بە پشتبەستن بە پرەنسیپەکانی دادوەریی دەستووری دەتوانێت بە بڕیارێکی چارەسەرکار دەستوەردان بکات؛ بەتایبەت کاتێک پەرلەمان خۆی دەبێتە بەربەست لەبەردەم بەردەوامیی ژیانی گشتی و سەلامەتیی سیستەمی سیاسی.
لە ڕووی دارایی و ئیدارییەوە، وەرگرتنی مووچە و دەرماڵە لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە لە کاتێکدا هیچ بەروبوومێکی یاسادانانیان نییە، پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەریی دارایی و سەرفکردنی سامانی گشتییە بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩). لێرەدا دادگا دەتوانێت بە پشتبەستن بە ماددەی (١٣) کە دەستوور بە باڵاترین یاسا دادەنێت، بڕیاری سڕکردنی دەرماڵە دارایییەکان بدات یان لە حاڵەتی پابەندنەبووندا، بەپێی دەسەڵاتی پاراستنی سیستەمی سیاسی، خولی پەرلەمان بە پەکخراو بناسێنێت و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات.
بە کورتی، پاراستنی سیستەمی سیاسی لە سەرووی پاراستنی دامەزراوە پەکخراوەکانەوەیە. کاتێک پەرلەمان دەبێتە هۆکاری قەیران نەک چارەسەری قەیران، دادگای فیدراڵی وەک پاسەوانی دەستوور، بەرپرسیارێتیی یاساییی کەوتووەتە سەرشان بۆ ئەوەی بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە، کۆتایی بەو بەتاڵییە دەستوورییە بێنێت و پرۆسەکە بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی، کە دەنگدەرە. ئەرکی دادگا لێرەدا تەنها ڕاڤەکردنی دەقەکان نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی شەرعییەتە بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت.

سەنار شێرۆكی