لە هەولێر دیداری 101 ساڵەی غونچەی بەهارستان بەرێوەچوو
لە هۆتێل دیدەمان لە شاری هەولێر,به ئامادهبوونی (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری ههولێر و (ئەحمەد کانی) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و (ئاریان سەلاحەدین) بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و (سیروان عوسمان) بهرێوهبهری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و دکتۆرە خانزاد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەك لە كەسایەتی دیار و مامۆستایانی زانکۆ,دیداری "101 ساڵەی غونچەی بەهارستان" بەڕێوەچوو,کە ئەم دیدارە تەرخانكرا بۆ ناساندنەوەی گرنگی و شوێنەواری ئەو گۆڤارە مێژووییە لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا.
دیدارەكە لە چوارچێوەی چالاکییە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو,لە میانی دیدارەکەدا باس لە مێژووی دەستپێکی «غونچەی بەهارستان» و گرنگی و ڕۆڵی بەرچاوی لە پەرەپێدانی زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ڕۆشنبیری کرا,هەروەها ئاماژە بەوە درا کە ئەم كتێبە یەکێك بووە لە سەرەتاییترین دەنگەکانی ڕۆشنبیری نوێی کوردی و کاریگەرییەکی بەرچاوی لە دروستکردنی نەوەیەك لە نووسەر و ڕۆشنبیراندا هەبووە.
لە بڕگەیەكی دیكەی دیدارەكەدا پانێلێك بەڕێوەچوو و تێیدا باس و گفتوگۆیەكی هەمەلایەنە كرا,دەربارەی نووسینەوەی مێژووی كورد و یەكەم هەوڵی نووسینی مێژووی كورد بە زمانی كوردی و نەتەوەسازیی كورد لەسەر دەستی حوسێن حوزنی موكریانی, هەروەها لەم پانێلەدا كتێبی (غونچەی بەهارستان) كە بۆ یەكەمجار ساڵی 1925 لە حەلەب چاپكرا وەك یەكەم سەرچاوەی نووسراوی مێژوو كوردی بە زمانی كوردی ناسێندرا,کتێبەكە لە مێژوونووسیی کوردیدا شوێنێکی گرنگی هەیە و زۆر لە توێژەرەوان بە بناغە و سەرەتای مێژوونووسیی نوێی دەزانن.
پاشان (د. كوردستان موكریانی) وەك میراتگری كولتوور و فەرهەنگ و مێژووی ئەو بنەماڵەیە,وتەیەكی پێشكەش كرد و وێڕای سوپاسی خۆی بۆ ئەم دیدارە و چاپكردنەوەی كتێبەكە سەرلەنوێ، مژدەی ئەوەشی بە ئامادەبووان دا كە بڕیارە دەست بكرێ بە دروستكردنی ماڵی حوزنی لە شاری ڕواندز و بكرێت بە مۆزەخانەی حوزنی و كۆپیی كۆنی (غونچەی بەهارستان) و كۆپیی (دەستنووسی فەرهەنگی مەلیخا) و بەرهەمەكانی دیكەی حوسێن حوزنی و گیو موكریانی و ئەوەی لێیان بەجێماوە لەو مۆزەخانەیە دابندرێت.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
