سەیفەدین ئەلدەڕاجی ڕاوێژكاری كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق: سەركەوتنی پڕۆسەی داماڵینی چەك و هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتە نادەوڵەتییەكان، پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەكان و ئەمریكا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە

سەیفەدین ئەلدەڕاجی  ڕاوێژكاری كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق:  سەركەوتنی پڕۆسەی داماڵینی چەك و هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتە نادەوڵەتییەكان، پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەكان و ئەمریكا هەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە

 

 

 لە كۆڕبەندی عێراق لە ڕۆژهەڵاتی نوێدا لە ئامۆژگای دەوڵەتانی عەرەبیی كەنداو «AGSI»، سەیفەدین ئەلدەڕاجی ڕاوێژكاری كاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەم جۆرە باسی لە چاكسازیی هێزی ئەمنیی عێراق كرد:

 

 

عێراق ئەمڕۆ لەناو جەرگەی گواستنەوەیەكی ستراتیژیی فراواندایە، كە تێیدا ئالنگارییە ئەمنی، ئابووری و سیاسییەكان بە توندی لێك بەستراون. حكومەتی عێراق بە ڕاشكاوی هەموو ئەو هێرشانە ڕەت دەكاتەوە كە هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان و ژێرخانە هەستیارەكان دەكەنە ئامانج، ئەم كارانە گوزارشت لە دەوڵەت ناكەن و ئێمە پابەندین بە پاراستنی سەروەریی خاكەكەمانەوە.

بۆ چاكسازی لە كەرتی ئەمنیدا، عێراق مۆدێلی (DDRR) پەیڕەو دەكات، كە بریتییە لە: داماڵینی چەك، هەڵوەشاندنەوەی پێكهاتە نادەوڵەتییەكان و تێكەڵكردنەوەیان لەناو دامەزراوە فەرمییەكاندا، یان گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی مەدەنی. سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی چاكسازیی كەرتی ئەمنی (SSR)، پێویستی بە بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەت پشتگیریی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەیە، چونكە عێراقێكی سەقامگیر، كلیلی ئاسایشی ناوچەكەیە.

لە ڕووی ئابووری و وزەوە، ئامانجی سەرەكیمان فرەچەشنكردنی ڕێڕەوەكانی هەناردەكردنی نەوتە لە ڕێگەی «ئوردن، سعودیە، سووریا و توركیا» بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی سەر گەرووی هورمز. ئەم هەنگاوە نەك تەنیا ئاسایشی وزەی نیشتمانی، بەڵكو سەقامگیریی بازاڕە جیهانییەكانیش دەستەبەر دەكات.

هاوكات، عێراق لە ڕێگەی پڕۆژەی «ڕێگەی گەشەپێدان» و تێكەڵبوون لەگەڵ دەستپێشخەرییە هەرێمییەكان، دەیەوێت ببێتە چەقێكی بازرگانیی نێوان كەنداو و ئەوروپا، ئەم دیدگایە دەرفەتێكە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان تا پشتگیری لە ئابوورییەكی متمانەپێكراو لە ناوچەكەدا بكات.

لە كۆتاییدا، هاوبەشیی ستراتیژیمان لەگەڵ ئەمریكا و وڵاتانی عەرەبی، تەنیا بژاردەیەك نییە، بەڵكو زەروورەتێكی ئەمنی و ئابوورییە. ئێمە لێرەین بۆ گۆڕینی ئالنگارییەكان بۆ دەرفەت و بنیادنانی عێراقێكی خاوەن سەروەری، كە بەشێكی كارا بێت لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

Top