مەدرەسەی ئیبنوئادەمی ئیسلامی.. خزمەتێكی زۆر و شانازییەكی گەورە
(*)
دوای ڕاپەڕین و ئاوەدانبوونەوەی شار و دێهاتەكانی كوردستان، یەكێ لەو دەسكەوتە مەزنانەی بووە هەوێن و بەیداغی ڕێبازی زانستە شەرعییەكان و برەودان بە مەعریفەی ئایینی و دروستكردنی كاراكتەری مەیدانیی خزمەت بە ئیسلام و مینبەر و میحراب و ڕەوت و ڕێبازی ڕەسەنی زانایانی ئایینی و كاروانی زانستی، دامەزراندن و كردنەوەی مەدرەسەی ئیبنو ئادەمی ئیسلامی بوو لە شاری سۆران لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، لە یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەم هەوڵ و هەنگاوە گرنگە دەرەنجامی خەمخۆری و پەرۆشیی خانەوادە و زانای ناودار و مودەڕیسی دیاری دەڤەرەكە «مامۆستا مەلا سەعید گرتكی» بوو، كە لەگەڵ بونیادنانەوەی ماڵی خۆی، بناغەی ئەم مەدرەسەیەی دانا و لە ساڵی 1992 بۆ یەكەم جار و لەسەر ئاستی دەڤەرەكە، دەرگا بە ڕووی فەقێ و قوتابی و خوازیارانی خوێندنی ئیسلامی و زانستە شەرعییەكاندا كرایەوە، ئەم مەدرەسەیە بووە وێستگەیەكی گرنگ و سیمبولێكی دیار و كارا و سەرچاوەیەكی گەورە بۆ فێرخوازانی زانستە شەرعییەكان، بۆ ئەوەی ئاوات و ویست و ئامانجی خۆیان و سەدەها خزم و خەڵكی موسڵمانی دەڤەرەكە بكەنە واقع، و بە پۆشینی بەرگی فەقێیەتی و تاجی زێڕینی مەلایەتی، مزگەوت و شار و دێهاتەكان ڕووناك بكەنەوە.
هەڵبەت دەستپێك و ناونانی ئەم مەدرەسەیە بەناوی زانای هەڵكەوتووی كورد؛ زمانزان و ڕەوانبێژ و ڕووناكبیر و فەلەكناس و مێژوونووس و شاعیر و شەرعزان و ئوسوڵی «عەللامە ئیبنوئادەمی باڵەك»، ئاماژەیەكی ڕوون و ڕاشكاو بوو لە گێڕانەوەی بناغەی ئەم ناوەندە زانستییە بۆ ڕێڕەوی گەورەزانایان و وەرگرتنی پاڵپشتیی مەعنەوی و ئیلهامی زانستدۆستی و، وەفا نواندن بۆ میراتی مەلا هەڵكەوتووەكانی گەلەكەمان و بەستنەوەی واقیعی دینداری و مەعریفی بە هەمان ئەو ڕێچكەیەی كەسانی سوودبەخش بۆ كیان و كۆمەڵگە بەرهەم دێنن، ئەمەش لەوەدا خۆی دەبینیەوە، كە بەشێكی زۆری قوتابیان لە سایەی سێبەری ئەم ناوە ناودارە، وزە و متمانەی زۆریان لا گەڵاڵە دەبوو و حەزی خوێندن و تامەزرۆی فێربوون و گەڕان بەدوای زانست لایان شیرینتر خۆی دەنواند.
ساڵ دوای ساڵ ئەم مەدرەسەیە ڕۆحیەتێكی تازە و ڕەونەقێكی نوێتری بەخۆیەوە دەبینی و ڕۆڵێكی گەورەی لە بڵاوكردنەوەی زانست و پێگەیاندنی نەوەیەكی تازە و هۆشیار بە ڕۆشنبیری ئایینی و هەستی نەتەوەیی پەروەردە دەكرد، دەتوانین بڵێین ئەم مەدرەسەیە تەنیا قوتابخانەیەك نەبوو، بەڵكو سەكۆیەكی گەورەی زانست و ناوەندێكی كارای پێگەیاندن و دروستكردنی مەلا بووە لە ناوچەكەدا، لە هەمان كاتدا ڕێگرێكی باش بووە لە سەرهەڵدانی هزری نامۆ و نەگونجاو لەگەڵ دۆخی دینداری و كولتوری كۆمەڵایەتیی دەڤەرەكەدا، ئەگەر لەو سەردەم و بەو شێوازە ئەم مەدرەسە نۆبەرەیە نەبوایە، ڕەنگە بە هۆكاری تەوژمی فكری و سەرهەڵدانی چەندین ئاراستە و ئایدیای جیاجیاوە، ئێستا قۆناغەكە جۆرێكی دیكە بووایە، بەڵام لێكەوتە و دەرهاوێشتە و كاریگەریی ئەو مەدرەسەیە وەك ڕەونەقی منارە و مزگەوت و هەوێنی ئیسلامپەروەری، دەرفەتی زۆرێك لەو هەوڵانەی نەهێشت و ڕەوشی ئایینی و ڕێڕەوی زانستی بەراورد بە بەشێكی دەڤەرەكانی دیكە، هێمن و بێ سەرئێشە هێشتەوە.
فەزیلەتی ئەو مەدرەسەیە بۆ سنووری سۆران تەنیا بۆ ئەوانە نییە كە ڕۆڵەیەكیان لەوێ خوێندویەتی یان دەرچووی ئەو مەدرەسەیە بێت، بەڵكو سایە و سێبەر و بەرەكەتی ئەو ناوەندە دینییە لە پێگەیاندنی مەلا و پێشكەشكردنەوەی بە كۆمەڵگە وەك پێشەنگ و پێشەوای ئایینی خەڵك، شوعلە و عەلەمێكی دیار و پڕشەنگێكی ڕووناككەرەوە بووە بۆ هەموو دانیشتووانی سۆران و دەوروبەری، هەر یەك لەو دەرچووانەی بووەتە مامۆستای ئایینی، ماڵ و شار و گوندی لەڕێی مزگەوت؛ وەك ناوەندێكی گەورەی ڕۆحی و عیرفانی و بەجێگەیاندنی ئەركی ئایینی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە ئاوەدان كردووەتەوە.
ئەم مەدرەسەیە ماوەی 34 ساڵە لەسەر پێ وەستاوە و وەك مەڵبەندێكی گەورەی زانستی خزمەت دەكات، نزیكەی سی وەجبە قوتابیی ئایینی پێگەیاندووە و ئامادەی كردوون بۆ كۆلێژ و پەیمانگە ئیسلامییەكانی كوردستان، كۆی ئەوانەی تەخەروجیان كردووە نزیكەی 400 قوتابی بوون، كە بەشی هەرە زۆریان خوێندنی ئەكادیمی و مەلایەتییان تەواو كردووە و بەشێكی زۆریان لە مزگەوتەكانی كوردستان بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران لە حاڵی خزمەت بەردەوامن و هەندێكیشیان وێڕای كاری مەلایەتی، بە كردنەوەی حوجرە و ڕاگرتنی فەقێ میراتەكە بەش دەكەن و وەك مودەڕیس درێژە بەو زنجیرە زانستییە دەدەن.
لە ناو ئەو ڕێژەیە بەشێكی زۆریان بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرایان بەدەست هێناوە، زیاتر لە 20 دكتۆرا و 50 ماستەر هاتووەتەوە، كە بناغەی زانستی و دەسپێكی خوێندن و پسپۆڕییان مەدرەسەی «ئیبنوئادەم» بووە و ئێستا هەریەكە و لە پێگە و ناوەندێكی ئایینی و پەروەردەیی یان ئەكادیمی، جێدەستی خزمەتیان نەقشی چێ كردووە و، بە هەستێكی مەزنی پیشەیی و نیشتمانییەوە خزمەت دەكەن.
ئەم مەدرەسەیە هاوكات دەرفەتی كار و خزمەتی بۆ زیاتر لە 100 مامۆستا و مودەڕیس ڕەخساندووە، كە توانیویانە تەدریس بكەن و ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی و پیشەیی خۆیان ئەزمووندار بكەن و لە كاروانی زانستی دانەبڕێن، دەكرێ بڵێین ئەگەر ئەو زەمینە و مەدرەسەیە نەبوایە، ئاسان نەبوو زۆرێك لەوانە بتوانن ڕۆڵی مودەڕیس و ئیرشاد ببینن و هەگبەی خۆیان پراكتیزە و زانستی خۆیان گەرم بكەنەوە، هەڵبەت ڕۆڵی هەموو ئەوانەش لە پاڵپشتیی ئەو مەدرەسەیە و، شاندانە بەر هەستی بەرپرسیارێتیی خزمەتی ئایینی و كاروانی زانستی، دیار و جێی پێزانینێكی گەورەیە.
بە كورتی مەدرەسەی (ئیبنوئادەم) لە شاری سۆران هاوشێوەی زانكۆیەكی گەورە بەتام و بۆی دینداری و توراسی كوردەوارییەوە، خزمەتێكی شاهانەی پێشكەش كردووە و، بووەتە مەڵبەند و مەنارەیەكی گەورە لە بواری زانستی و شەریعەتناسییەوە، فەزڵی ئەو مەدرەسەیە هێندە قوڵ و زۆرە، هەموو كەس هەستی پێ ناكات، بەڵام هەموو كەس لێی سوودمەند بووە، بەرهەم و بەشینەوە و بەخشینی زانستیی ئەو مەدرەسەیە، ئێستا لە سەكۆی مینبەرەكان و قوتابخانە و ناوەندە ئەكادیمییەكاندا جێپەنجەی دیارە و، ڕۆڵی گەورەی لە بونیاد و پێشكەوتن و پرۆسەی هۆشیاریی كۆمەڵگە و ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی ئایینیدا هەیە.
(*)
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی