هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر باره‌گاى پێشمه‌رگه له‌ سنووری سۆران‌ ئیدانە و شەرمەزار دەكەین

هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر باره‌گاى پێشمه‌رگه له‌ سنووری سۆران‌ ئیدانە و شەرمەزار دەكەین

 

-کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ...
- حزب و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانی کوردستان ...
- ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی...

له ‌هێرشێكى دوژمنکارانەدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران بە (6) موشەکی بالیستی بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت، كه ‌بووە هۆی شەهیدبوونی (6)شه‌ش پێشمەرگەی قارەمان و برینداربوونی (30) پێشمەرگەی دیکە، ئه‌م هێرش و دەستدرێژییە ناڕەوایە بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بەتوندترین شێوە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین.
ئێمە لە یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK) ڕایدەگەیەنین:
• یەکەم: ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ڕەهای سەروەریی خاکی باشوورى کوردستانه‌ و، هیچ پاساوێکی سیاسی و سەربازی هەڵناگرێت، ئەم جۆرە ڕەفتارانە تەنها بۆ دروستكردنى ئاريشه‌ و تێکدانی بارودۆخی ئاسایشی هه‌رێمى کوردستانە.
• دووەم: پێشمەرگە هەمیشە فاکتەری ئارامی و پاراستنی ئاسایشی كوردستان و عێراق و ناوچەکە بووە، بەهیچ شێوەیەک هەڕەشە نەبووە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، وەڵامدانەوەی هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی هەرێم بە موشەک، کارێکی ناڕه‌وايه‌ و دوورە لە هەموو بنەماکانی دراوسێیەتیی.
• سێیەم: داوا لە حکومەتی عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپه‌يمانان دەکەین بێدەنگی بشکێنن و هەڵوێستی کردارییان هەبێت بۆ سنووردانان بۆ ئەم دەستدرێژییە بێباکانەى ئيران و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، كه ‌به‌رده‌وام هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان.
• چوارەم: داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین، لەم ساتە هەستیارەدا یەکڕیز و یەکدەنگ بن، لەبەرئەوەی تەنها یەکهەڵوێستی نەتەوەیی دەبێتە قەڵغان بۆ پاراستنی خاک و نیشتمانەکەمان.
وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین، دووپاتی دەکەینەوە کە ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەم هێرشانە ناشکێت و تەمەنی ستەمکاری هەمیشە کورتە.
- نەمان بۆ دوژمنانی کورد و کوردستان، دروود بۆ خوێنى شه‌هيدان، سەربەرزی بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان.

مه‌كته‌بى سياسيى
يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK
٢٤ی ئاداری ٢٠٢٦
هه‌ولێر- باشوورى كوردستان

Top