هۆشیار زێباری لە پەنێڵێكی بازنەی گفتوگۆدا: هەلێكی گەورەی مێژوویی بۆ كوردستان هاتووەتە پێشەوە دەبێت بە یەكڕیزی و بەرپرسیارییەوە سوودی لێ وەربگرین
هۆشیار زێباری جیا لەوەی لە ئێستادا ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە یەكێك بووە لەو سیاسەتمەدارانەی بەردەوام كاری لەسەر پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی بەرەی كوردستانی بووە، لە دوای ڕاپەڕینیشەوە هەتا 2004 بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و لە 2004 تا 2014 وەزیری دەرەوەی عێراقی فیدڕاڵی بووە و، یەكێكە لەو سیاسەتمەدار و دیپلۆماتكارانەی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهان وەك دیپلۆماتكارێكی بە ئەزموون و سەركەوتوو ئاماژەی پێدەكرێت، لە هەمان كاتدا
ئێستا سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پێكهێنانی
كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەم پەنێڵەی بازنەی گفتوگۆ «كوردستان لەناو گۆڕانكارییەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» بە گوتەیەك دەستی پێكرد «هەموو سیاسەتێك لۆكاڵە- All Politics Local» لەم خاڵە گرنگەوە ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی لەناو گۆڕانكاریەكاندا بەمجۆرە ڕاڤە كرد.
یەك پەرلەمان .. یەك حكومەت ..
یەك هێزی پێشمەرگە
ناونیشانی پەنێڵەكە هەر شێتك بێت، بەڵام كۆڕەكە بۆ كەسایەتییەك بێت، كە سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بێت بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوا بێگومان دەستپێكی پرسیارەكان دەبێتە پرسیاركردن لەسەر ئەو پرسەی كە خەڵكی كوردستان چاوەڕێی وەڵامێكی دروست دەكەن، هەر بۆیە «بازنەی گفتوگۆ»ش ئەو پرسیارەی كردە دەروازەی پەنێڵەكە و لێی پرسی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەم گەیشتە كوێ؟ هۆشیار زێباری بەمجۆرە باسی پرۆسەكەی كرد:
90% ی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم تەواو بوون
لە سەرەتای دەستپێكردنی دانوستاندنەكانمان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم، ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە ئەوە بوو، كە ئێمە وەك پارتی هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێكی سیاسیی نەبێت، گفتوگۆیەكی ئازادانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری 2024 بكەین، ئەمەش بەو مانایەی كە بە یەكسانی سەردانی هەموو لایەنەكان بكەین، تەنانەت ئەو لایەنەی تەنیا یەك كورسیی پەرلەمانیشی بەدەست هێنابێت، بۆ ئەمەش سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانمان كردووە، وەك «یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، هەڵوێست، بەرەی گەل، كۆمەڵی دادگەری»، بەڵام دەرەنجام گەیشتینە ئەو ئاكامەی كە دەبێت گفتوگۆی سەرەكیی ئێمە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، هەتا ئێستا حەوت هەشت كۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ یەكتری كردووە و گەیشتووینەتە ئاكامی زۆر باش، لەسەر بەرنامەی كابینەی دەیەم، دەتوانم بڵێم گەیشتووینەتە جۆرێك لە ڕێككەوتن و گفتوگۆكانمان لەسەر نۆ تەوەری سەرەكین و دەتوانم بڵێم بە ڕێژەی 90% كارەكانی كۆتایی هاتووە.
لەكاتی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، هەردوولامان لەگەڵ یەكتری زۆر بە كراوەیی و ڕاشكاوانە قسەمان كردووە، لەلایەن هەردوو شاندەكەوە هەماهەنگی هەبووە و، هەردوولا زۆر بە ئەرێنی لە پرۆسەكە هاتوونەتە پێشەوە، ئامانج لەم ئاراستەیەش بۆ ئەوە نەبووە لایەنەكانی دیكە پەراوێز بخرێن، هەتا ئێستاش دەرگا كراوەیە بۆ هەر لایەنێك دەیەوێت بەشداری لە حكومەت بكات، بەڵام بەرژەوەندیی ئەم قۆناغەی هەرێمی كوردستان وادەخوازێت كە حكومەتێكی یەكگرتوو پێكبهێنرێت و پارتی و یەكێتی دوو لایەنی سەرەكیی ئەو حكومەتە بن، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بێتە دی كە سەرۆك بارزانی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بانگەشەی بۆ دەكرد «یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە».
زەمینەی گفتوگۆكان بەو ئاراستەیەن، هەتا ئێستا نەچووینەتە سەر پرۆسەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكایەتی، پۆستی وەزارەتەكان، بەڵام دەمەوێت ڕاشكاوانە بڵێم ئێمە وەك پارتی و یەكێتی لە یەكتری تێدەگەین و لێكتێگەیشتن لە نێوانماندا هەیە.
لە گفتوگۆكاندا ڕاشكاوانە ئەوەمان باس كردووە كە دەبێت ئاكامی هەڵبژاردن وەك خۆی كە هەیە و ئاشكرایە، نابێت فەرامۆش بكرێت و ناكرێت بگەڕێینەوە بۆ «پەنجا بە پەنجا»، بە یەكێتیمان گوتووە «ئێوە شەریكی سەرەكیی ئێمە دەبن و پێداگری ناكەین، هەموو شتێك بۆ ئێمە بێت و پێگەی شەراكەتی سەرەكیی ئێوە لەبارچاو دەگرین». لەم پرۆسەیەدا زۆر باش چووینە پێش و لە چەند ڕۆژی داهاتووش كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی هەر دوو شاندەكە نەك لەسەر ئاستی لێژنە لاوەكییەكان بەڕێوە دەچێت. لە ئێستادا بەفیڕۆدانی كات لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكمان نییە و هەموو دۆست و هاوپەیمانەكانیشمان داوامان لێدەكەن و دەڵێن: دەرفەتێكی زێڕین و مێژووییتان بۆ هاتووەتە پێشەوە، هەوڵ بدەن، زۆر بە زوویی حكومەتی خۆتان پێك بهێنن و، ئەگەر زۆرە ئەم گۆڕانكارییانە بۆ بەرژەوەندیی گەلی ئێوە بشكێتەوە.
گەرموگوڕیی هەڵمەتەكانی هەڵبژادن
ئاكامێكی ئەرێنیی سەرسوڕهێنەر
ئەو كەشە ئەرێنییەی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكرد، لە دوای ئەو گوتارە توندانە دێت كە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 20ی ئۆكتۆبەری 2024ی پێ بەڕێوە چوو، بۆیە جێگەی خۆیەتی ئەو پرسیارە بكەین: «چۆن لە دوای ئەو گوتارە توندانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن ئەم لێكتێگەیشتنە لە نێوان پارتی و یەكێتی هاتە ئاراوە؟ سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:
گوتاری توندی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن
پێناسەكردنی ئاستی ئازادیی ڕادەربڕین بوو
گومانی تێدا نییە، گوتاری هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو توند بوو، بەڵام ئەو توندییە و ئەو یەكتری قبووڵكردنە، پێناسەیە بۆ ئاستی بەرزی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستاندا، ئەگەر لە ڕوانگەی ئەو خەڵكانەوە هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەكە بكەین كە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەیان دەكرد، هەندێك لە سەركردە عێراقییەكان بە ئێمەیان گوتووە، بە ڕاستی سەیرە ئێوە وەك پارتی ئەو هەموو جەماوەرە گەورەیەتان لە یاریگای شەهید فرانسۆ هەریری كۆكردبووەوە و سەرۆك بارزانی گوتاری دەدا، تەنیا بە دووریی دوو شەقام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو جەماوەرە گەورەیەی كۆكردبووەوە و قسەی بۆ لایەنگرانی خۆی دەكرد، بەڵام تەنیا یەك كێشەی بچووكیش ڕووی نەدا، بە ڕاستی ئەوە حاڵەتێكی دەگمەنە، ئەم تێڕوانینە خەڵكی دیكە بە ئێمەی دەگوت و لایان سەیر بوو.
بۆیە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، هەر لایەك بانگەشە بۆ ئامانجەكانی خۆی دەكات، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆیەتی تێبینی بكرێت، ئەوەیە كە هیچ لایەك هێڵی سووری نەبەزاند.
دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ناوچەكە و جیهانیش گۆڕانكاریی گەورەیان بەسەردا هات، بەتایبەتی دوای شەڕی غەززە و لوبنان و كەوتنی ڕژێمی ئەسەد و هاتنی دۆناڵد ترەمپ، ئەمانە فەرزی دەكەن كە دەبێت جۆرێك لە هەماهەنگی لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبێت و دەبێت هەردوولا واقیعییانە بیر بكەینەوە.
بۆچوونی ئێمە هەر لەسەرەتاوە كە شەڕی غەززە دەستی پێكرد، بەو جۆرە بوو، ئەو شەڕە لە غەززە سنووردار نابێت و شوێنی دیكەش دەگرێتەوە، بینیمان شەڕەكە گەیشتە لوبنان، پاشان ڕووداوی گەورەتر ڕووی دا و كەوتنی ڕژێمی ئەسەدی بەدوادا هات، ئێستا دەڵێم: ئەگەر خوانەخواستە شتێكی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو بدات، بە تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆتایی نایەت.
چارەسەری كێشەی كورد
وەك فاكتەرێك لەناو گۆڕانكارییەكاندا
لەوانەیە هیچ كاتێك لە مێژووی 100 ساڵی ڕابردوودا و لەیەك كاتدا چارەسەركردنی كێشەی كورد بە شێوەیەكی گشتی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك كێشەیەك كە پێویستی بە چارەسەری ئاشتیانەیە وەك ئێستای ناوچەكە نەبووبێتە تایتڵی سەرەكیی هەواڵەكان و لە كۆڕ و كۆڕبەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان هەڵوەستەی لەسەر نەكرابێت، لەم چوارچێوەیەدا هۆشیار زێباری بەمجۆرە هەڵوەستەی لەسەر ئەم پرسە كرد:
كێشەی كورد بووەتە كێشەیەكی سەرەكی و
بۆ هەموو لایەك جێگەی بایەخە
ئەو گۆڕانكارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ كێشەی كورد و بۆ ئێمەش كە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، هەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە، هەمیش بەرپرسیاریەتییەكی گەورەیە، ئەگەر بە وردی ئەم هاوكێشە تازە بخوێنینەوە، دەبینین كێشەی كورد بووەتە كێشەیەكی سەرەكیی ناو ئەم هاوكێشە تازەیە، دەبینین سەرۆك بارزانی و هەولێر بوونە مەرجەعی پەیوەندیكردن، هەر بۆ نموونە تایبەت بە چارەسەركردنی كێشەی كورد لە سووریا و توركیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێكی دەم پارتی هاتبوون بۆ ئەوەی دیدوبۆچوونی ئێمە وەربگرن لەسەر بونیادنانی ئاشتییەكی سەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، هەست دەكەین ئێستا لە سەرتاسەری كوردستان هەستی نەتەوەیی و كوردبوون لە گەشەسەندندایە، هەر بۆ نموونە لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوەی لەناو كێشەی جووتیارەكانی سەرگەڕان بینیمان، ئەوە بوو كە هەستێكی گەورەی نەتەوەیی لەناو ڕای گشتی كوردستان زۆر بە گەرمی پشتیوانی دەكرد، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، دەبێت هەستە نەتەوەییەكە هاندەرمان بێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرین.
ئەگەر سەرنج لە ڕووداوەكانی ئەم دواییە بدەین، دەبینین لەسەر هەرێمی كوردستان بۆچوونی زۆر ئەرێنی هەیە، سەردانی بەرپرسانی هەرێم دەنگدانەوەی زۆر باشی هەبووە، هەر بۆ نموونە لە سەردانی ئەم دواییەی ڕێزدار مەسرور بارزانی لەگەڵ كاك قوباد تاڵەبانی بۆ بەشداربوون لە لووتكەی حكومەتەكانی جیهان لە دوبەی، بەڕاستی ئاماژەیەكی زۆر ئەرێنی بوو هەم سەبارەت بە خۆمان وەك هەرێمی كوردستان، هەمیش سەبارەت بە تێڕوانینی دەرەوەش، دیسان بەشداریی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی ئاسایشیی جیهان لە میونشن، كە كاك پافڵ تاڵەبانییش چوو بوو، لەوێ یەكتریان بینیبوو، هەموو ئەمانە هاوكاریی پرۆسەی پێكهینانی كابینەی دەیەم دەكەن، كە ئێستا ئێمە كاری لەسەر دەكەین، لەمەش زیاتر ئەو دیدار و كۆبوونەوانەی كاك نێچیرڤان بارزانی لە میونشن لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی جیهانی و هەرێمی، بەڕاستی هەندێك سەرۆك دەوڵەت هەبوون بە ئاستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیدار و كۆبوونەوەی بۆ ڕێك نەخرابوو، بۆیە ئەگەر خۆمان یەكڕیز بین و هەبین، ڕاشكاوانەتر ئەگەر لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی خۆمان یەكگرتوو بین، بەڕاستی كاریگەریمان زۆر زیاتر دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ
جیهانێكی نوێی
هێناوەتە ئاراوە
گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ جارێكی دیكە بۆ كۆشكی سپی بەو هێزە گەورەیەی كە لە هەڵبژاردنەكانی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو وەریگرت، جێگەی سەرسامیی هەموو جیهان بوو، لەمەش زیاتر دوای دەست بەكاربوونی لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو بڕیارەكانی دیسان هەموو جیهانی شۆك كردووە كە حەتمەن عێراق و هەرێمی كوردستانیش لە كاریگەریی ئەم وەرچەرخانە بەدوور نابن. بۆیە پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا خوێندنەوەی هوشیار زێباری بۆ ئەم وەرچەرخانە چییە؟ كە بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.
گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و گەڕانەوەی ترەمپ بوومەلەرزەیەك بوو هەموو شتێكی گۆڕی
دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ و گۆڕانكارییە گەورەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەكرێت بە بوومەلەرزەیەكی هەژمار بكەین، كە بێگومان عێراقیش لەسەر هێڵی ئەم بوومەلەرزەیەیە و ناتوانێت خۆی لە كاریگەریی ئەم گۆڕانكارییانە دووبارە بكاتەوە، لەمەش زیاتر بە دەستبەكاربوونی ترەمپیش وەك سەرۆكی تازەی ئەمریكا بەڕاستی «جیهانێكی تازەی» دروست كردووە. سەرنج بدەن تەنیا چەند هەفتەیەكە و ماوەیەكی كورتە هیچ كەسێك مەزندەی ئەوەی نەدەكرد ترەمپ و پوتین بە تەلەفۆن پێكەوە قسە بكەن و لەمەش زیاتر تیمی هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ڕووسیا بە فەرمی لە سعودیە پێكەوە كۆببنەوە.
دوای شەڕی ڕووسیا و ئەمریكا، بایەخی گەورەی ترەمپ لەسەر چینە، لە ئێستادا چین وەك هێزێكی گەورەی ئابووری و تەكنەلۆژیا ڕووی لە هەڵكشانە، بۆیە شەڕی بازرگانی لەنێوان ئەمریكا و چین دەست پێدەكات. دوای ئەوە مەسەلەی پڕۆژە ئەتۆمییەكەی ئێرانە كە ئەم پرسە بە نیسبەتی ئەوان خاڵێكی سەرەكی و گرنگە و لەسەر ئەم پرسە ترەمپ مەبەستێتی لەگەڵ ئێران سەفقەیەك بكات، ئەگەر بگەنە ئەو سەفقەیە، ئەوا گرژییەكان بەرەو خاوبوونەوە دەچن، ئەگەر نەگەنە ئەو سەفقەیە بارودۆخەكە بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.
بێگومان شەڕی ئیسرائیل و غەززە و لوبنان و گۆڕانكارییەكانی سووریا كە گۆڕانكاریی گەورەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست كردووە، یەكێك لەو ئەگەرانەی دەبێتە جێگای پرسیار ئەوەیە كە ئایا ئەمریكا دەستبەرداری هەژموونی خۆی دەبێت و هێزەكانی خۆی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوا دەكێشێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەندە بە بڕیارەكانی سەرۆك ترەمپەوە، ڕاستە لە ئەمریكا كەسایەتی و سەرۆك كاریگەرییان لەسەر دروستكردنی بڕیار دەبێت، بەڵام لەم وڵاتە دامەزراوە وڵات بەڕێوە دەبات و بەردەوام دامەزراوەكان لە كەسەكان گرنگترن، بۆیە هەتا ئێستا ئێمە هیچ پەیامێكمان لەوانەوە پێنەگەیشتووە كە هێزەكان دەكشێنەوە، یان كەمی دەكەنەوە، بەپێچەوانە لەم دواییانەدا هێزەكانیان زیاتر كردووە.
لە بارودۆخی لەمجۆرەدا فەرز دەبێت لەسەرمان كە ئامادەكاریی پێشوەختە بكەین و ماڵی خۆمان ڕێك بخەینەوە و پەلە لە پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان و كاریگەری ڕووداوەكان بكەین.
لە ئێستا لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی توركیا و ئێران، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو وڵات لە ئاستێكی زۆر باشدایە، لەگەڵ ئەم ئیدارە تازەیەی ترەمپ كە پێشتر بەشێكیان لە عێراق كارمان لەگەڵ كردوون و، ئەم تیمە تازەیەی ترەمپ لە كێشەكانی كوردستان و عێراقیش تێدەگەن، ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە گۆڕانكارییەكان كاریگەریی ئەرێنی هەبووە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عێراقی، هەروەها كاریگەرییەكی ئەرێنی هەبووە، لەسەر ئەو خەڵكانەی بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، بۆیە دەكرێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرین و خۆمان كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین و وڵاتەكەشمان لە دەستتێوەردانی دەرەكی بە دوور بگرین.
مانەوەی كێشەكانی نێوان
هەرێم و بەغدا بە هەڵواسراوی
لەگەڵ ئەوەی لەم ماوەیەی دوایی هەرێم و بەغدا لەسەر هەندێك كێشە گەیشتنە جۆرێك لە ڕێككەوتن، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و جێبەجێ نەكراون، پرسیار لێرەدا ئەوەیە: بۆچی ئەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێن؟ وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق بەمجۆرە لەسەر ئەم پرسە هەستیارە هاتە ئاخاوتن:
دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق
مافە دەستوورییەكان بە
هەرێمی كوردستان ڕەوا نابینن
برادەرانی سیاسیی شیعەی عێراق كە ئێستا لە حكومەتن، مێژوویەكی دوور و درێژمان لە خەباتی چەكداری لە شاخ لە دژی دیكتاتۆریەت و بۆ گۆڕینی ڕژێمی بەعس لەگەڵ یەكتری هەیە، بەڵام زۆر بەداخەوە ئێستا ئەو ڕۆژانەیان لە بیر چووەتەوە و بەگیانی دۆست و هاوخەباتی مامەڵە لەگەڵ مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ناكەن، لە سەرووی ئەمانەوە و لە پشتی پەردەوە هەوڵی دیكەش دەدەن، بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، یان هەر بیسڕنەوە، تەنانەت بیروبۆچوونی هەندێكیان بە ئاستێك توندڕەوە كە دەڵێن «دەبێت بە بڕیارێك هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە»، هەندێكی دیكەیان بەخیلی بە هەرێمی كوردستان دەبەن، بەوەی توانیومانە شتێك بكەین و وڵاتی خۆمان بونیاد بنێینەوە.
بێگومان كێشەی سیاسیمان لەگەڵ بەغدا هەیە. ئەم كێشانە دەبێت وەك گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆ بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن. ئێمە لەسەر مەسەلەی گفتوگۆ پشوومان دریژە، بەڵام ئەوەندەش لاواز نین وەك ئەوان مەزندەی دەكەن و دەتوانین گوشاریان لێبكەین. زۆر ڕاشكاوانە بە ئامادەبووانی ئەم پەنێڵەی ڕادەگەیەنم، ئەگەر ئێمە یەكگرتوو و یەكڕیز بووینایە لە ناوماڵی خۆمان، نەیاندەتوانی ئەوەی ئێستا دەیكەن، ئەوەشیان پێ نەدەكرا، بۆیە پرسەكە بۆ ئێمە لەوەدایە كە دەبێت بە خۆماندا بچینەوە و خۆمان ڕێك بخەینەوە، كە ئەوەمان كرد، بێگومان ئەوانیش لە پێگەی ئێمە تێدەگەن، ئەوانیش لە بارودۆخی ئەم گۆڕانكارییانە تێدەگەن و هەستیان بەوەش كردووە كە لەوانەیە ئەم گۆڕانكارییانە ئەوانیش بگرێتەوە.
دەستپێكردنەوەی پرۆسەی
چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەی
كورد لە توركیا
دەستپێكردنەوەی پرۆسەی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا پێشكەوتنی بە خۆیەوە بینیوە، شاندی دەم پارتی پەیامی ئۆجەلانی بۆ سەرۆك بارزانی هێناوە و پەیامی (سەرۆك بارزانی)شیان بردەوە بۆ ئیمراڵی، پرسیار لێرەدا ئەوەیە تاچەند لەلایەن حكومەتی توركیاوە نییەتی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە؟ هۆشیار زێباری بەمجۆرە وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە:
بەرژەوەندیی توركیا لەوەدایە
كێشەی كورد بە ئاشتییانە چارەسەر بكات
پێش هەموو شت سیاسەت بە نییەت و دڵپاكی ناكرێت، بەڵام دەبێت مرۆڤ واقیعییانە بیربكاتەوە. لە ئێستادا بەرژەوەندیی توركیا لەوەدایە كێشەی كورد بە ڕێگە چارەی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، بۆ ئەمەش ئەزموونی پێشترمان هەیە و پێشتریش هەوڵ دراوە كێشەی كورد بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت. بۆیە ئەگەر بێت و پەكەكە ئەمجارەش ئەم پرۆسەیە تێك نەدات، وەك جاری پێشوو تێكی دا، ئەوا بەرەو پێشەوە دەچێت. خۆتان دەزانن پەكەكە كێشەیەكی گەورەی بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە، هەروەها كێشەشی بۆ كوردانی ڕۆژئاوا دروست كردووە. هەر بۆیە ئەگەر پەكەكە گوێ لە پەیامی سەرۆكەكەی خۆی بگرێت كە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە كە تائێستا نازانرێت پەیامەكەی چی دەبێت، ڕاستە شاندی دەم پارتی بە ئاگاداریی دەوڵەتی توركیا پەیامی ئۆجەلانی هێناوە بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی دەم پارتی سەردانی سلێمانیشیان كرد و سەركردایەتیی یەكێتییان بینیوە، ئەوجا ئاشكرا نییە ئایا لەوێ بە نهێنی سەركردایەتیی قەندیلیان بینیبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا كاتێك شرۆڤە بۆ بارودۆخەكە دەكرێت، بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی توركیا ناتوانرێت بە شێوەیەكی پراكتیكی ئەم هاتوچۆیانە بكرێت، بۆیە لەم پرسەدا شتێكی نهێنی تێدا نییە. كاتی خۆی شەهید فرانسۆ هەریری لە زۆر بۆنەدا دەیگوت «دینی محەمەد بە ئاشكرا خۆشە»، بۆیە لەم سەردەمەشدا هەموو شت لەسەر بەڕەیە و هیچ شتێكی ژێر بەڕە بوونی نییە.
ئەوەی ئێمە قسەی لەسەر دەكەین، هێڵی گشتیی سیاسەتی حكومەتی توركیایە و ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات. دیسان جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە حكومەتی ئەردۆغان خوازیاری ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی دەست پێبكاتەوە، توركیا لەم پرۆسەیەدا بەرژەوەندیی خۆی هەیە، دەوڵەتێكی هەرێمیی گەورەیە، ئێستا ئابورییەكەی لە بارودۆخی هەڵاوساندایە و لەوانەیە مەترسیی دەستتێوەردانی دەرەكییش هەبێت، بۆیە شرۆڤەكردن لەسەر بارودۆخێكی ئاڵۆزی لەمجۆرە، ناكرێت ئێمە هەموو حیسابی خۆمان لەسەر ئەگەری نییەتی خراپ بكەین، بەڵكو وەك هەموو یاسا و شەرعییەتەكانیش ئاماژەیان پێ كردووە، لەسەر ئەگەری نییەتباشی بچینە ناو پرۆسەكە زۆر باشترە.
