پەرلەمانی عێراق دوای تەوافوقی لایەنە سیاسییەکان پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە بەرنامەی کارەوە

پەرلەمانی عێراق دوای تەوافوقی لایەنە سیاسییەکان پرۆژەیاسای بودجە دەخاتە بەرنامەی کارەوە


ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدگەیەنێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان دوای پەسەندکردنی لەلایەن لایەنە سیاسییەکان، پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ئایندە دەخاتە بەرنامەی کاری پەرلەمان.

جەمال کۆچەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە ئەنجومەنی وەزیرانی لە قۆناغەکانی کۆتایی دایە و بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 20-12-2020 پەسند بکرێت.

جەمال کۆچەر هەروەها رایگەیاند، دوای پەسندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرۆژەیاساکە ڕاستەوخۆ بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی، دەنێردرێتە پەرلەمانی عێراق.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، کە محەمەد حەلبوسیی سەرۆکی پەرلەمان پێی راگەیاندوون، کە پێش گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاساکە لە پەرلەمان، دەبێ تەوافوقی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێ، ”بۆ ئەوەی بە کەمترین گرفت و ناکۆکی، پەسەند بکرێت“.

جەمال کۆچەر پێیوایە ئەگەر رای لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرۆژەیاساکە وەربگیرێت و لەسەری رێک بکەون، ئەوا لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستانە.

رۆژی شەممە 19-12-2020، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، رێککەوتن.












باسنيوز
Top