بابە شێخ 40 رۆژە کۆچی دوایی کردووە و هێشتا شوێنگرەوەکەی دیارینەکراوە
بابە شێخ رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2020 کۆچی دواییکرد، بڕیاربوو لە چلەی ماتەمینیەکەیدا کەسێک بۆ جێگەکەی دیاریبکرێت، بەڵام هێشتا هیچ بەربژێرێک یەکلانەبووەتەوە.
عیدۆ بابە شێخ، لە بنەماڵەی بابە شێخ دەڵێت، شوێنەکەی زۆر بە چۆڵی نامێنێتەوە و هیوادارە بە زوویی ئەو بابەتە کۆتایی بێت و بابە شێخێک دیاریبکرێت.
بۆ شوێنگرتنەوەی بابە شێخ سێ بەربژێر هەن، کە لە بنەماڵەی شێخ فەخرێ ئادیانە لە شێخانی شەمسانی، بڕیاریانداوە قسە بۆ میدیاکان نەکەن تاوەکو ئەوکاتەی پرسی دانانی بابە شێخێک یەکلایی دەبێتەوە.
راکان بابە شێخ لە بنەماڵەی بابە شێخ گوتی، هەر بڕیارێکی میری شێخ بیدات ئەوان پێی رازین و هەرکەسێک میری شێخ ببینێت شایەنی ئەو پۆستەیە و پێش هەموو کەس پیرۆزبایی لێ دەکەن.
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان لەگەڵ ئەنجوومەنی رۆحانی و نوێنەری میر بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەن، بەڵام کاتیان پێویستە تاوەکو بۆچوونی جیاوازی کەسایەتییە کوردە ئێزدییەکان وەردەگرن.
ژمارەی کوردانی ئێزدی نزیکەی یەک ملیۆن کەسن، 550 هەزاریان لە باشووری کوردستان دەژین، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان، بابە شێخ رێبەری یەکەمە و دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی رۆحانی.
rudaw -
