فستقی هەرێمی کوردستان کێشەی بەبازاڕکردنی هەیە
هەرێمی کوردستان کەشێکی گونجاوی بۆ بەرهەمهێنانی فستق هەیە، ساڵانی رابردوو فستقی جووتیارانی کوردستان 20%ی پێداویستی هەرێمی کوردستانی بە فستق پڕکردووەتەوە. بەڵام ئەمساڵ فستقی هەرێمی کوردستان کێشەی بەبازاڕکردنی هەیە.
لە بازاڕەکان نرخی فستقی ئێران هەرزانترە لە هی هەرێمی کوردستان، بۆیە کڕیاریان زیاتر فستقی ئێرانی دەکڕن، هەر کیلۆیەک فستەقی باخەکانی هەرێمی کوردستان بە 8 هەزار دینار لە بازاڕەکاندا ساخدەکرێنەوە.
لە گوندی گۆفكێی سەر بە ناحیەی باتیفا لە سنووری قەزای زاخۆ وەرزی لێکردنەوەی فستقە. مەسعود سادق حەوت دۆنمی لە ساڵی 2002ـەوە کردووەتە فستق و پێکدێت لە 700 داری فستق. دوای چاندنی دار فستقەکان بە هەشت ساڵ بەریان پەیدابووە.
بورهان عزەت جووتیارێکی پارێزگای هەڵەبجەیە و 18 دۆنمی کردووەتە فستق. بەهۆی هێنانی فستق لە شارەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کاریگەری لە بازاڕی ئەوانیش کردووە و دەڵێت " فستقی ئێرانی بازاڕی ئێمەی دابەزاندووە."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاندن لە پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە، لە دهۆک 500 دۆنم زەوی بە فستەق داچێنراوە و لە هەڵەبجەش 100 دۆنم. بەرهەمی دهۆک ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار تۆنە. لە هەڵەبجەش ساڵانە 20 تۆن بەرهەم دەهێندرێت. ئەو فستقەیشی دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان 80%ی لە تورکیا و ئێرانەوە دێت.
rudaw -
