ئەمڕۆ موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت
موچەی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی شەهیدان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون دابەشدەکرێت
بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی موچە کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 17ـی (تشرینی یەکەم/10) موچەی موچەی وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی شەهیدان، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش دابەشدەکرێت و رۆژی یەکشەممەش موچەی 7 وەزارەت و سەرجەم دەستە سەربەخۆکان دابەشدەکرێت.
دوای نزیکەی دو مانگ بەسەر دابەشکردنی دواین موچەدا، وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی چوارشەممە خشتەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی راگەیاند و دوێنێ هەینیش موچەی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەی 70 و 80 ، وەزارەتی ناوخۆ، فەرماندەی زێرەڤانی و بەرگری و فریاکەوتن، وەزارەتی دارایی و لیوای نەوت دابەشکرا.
سبەی 7 وەزارەت و سەرجەم دەستە سەربەخۆکان دابەشدەکرێت
هەر بەگوێرەی خشتەی دابەشکردنی موچە، سبەی یەکشەممە موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتی داد، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرجەم دەستە سەربەخۆکان دابەشدەکرێت.
دوشەممە وەزارەتەکانی کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رۆشنبیری و لاوان دابەشدەکرێت
لە خشتەکەدا دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی کارەبا، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، رۆشنبیری و لاوان، ئاوەدانکردنەوە، سەرۆکایەتی هەرێم، پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران خراوەتە رۆژی دوشەممە 19ـی تشرینی یەکەم.
هەروەها رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە موچەی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی دابەشدەکرێت و دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول کۆتایی دێت.
خەندان
