لە ئامەد سیستەمێکی دابەشکردنی گەرمی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی 18 سەدەیە

لە ئامەد سیستەمێکی دابەشکردنی گەرمی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی 18 سەدەیە
لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لە شاری مێژوویی "ئامیدا "، کە لە سنووری شارۆچکەی سوور هەڵکەوتووە، هێڵێکی گواستنەوەی ئاو و سیستەمێکی دابەشکردنی گەرمی دۆزراوەتەوە، کە مێژووەکەی بۆ 18 سەدە بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

عیرفان یەڵدز، سەرۆکی تیمی کنە و پشکین دەڵێت "ئاوی گەرمی ئەو گەرماوەی لە سەردەمی رۆمادا لە رۆژهەڵاتی کۆشکەکە هەڵکەوتووە، لەڕێگەی ئەو جۆگەلانەی کە بە خشت دروستکراون گوازراوەتەوە بۆ گەرماوی ناو کۆشکەکە. بەشێوەیەکی تایبەت گەرمییەکە دابەشکراوە. ئەم سیستەمی گەرمکردنەوەیە کە لە رۆژی ئەمڕۆماندا سیستەمی کالوفێری پێدەڵێن، نزیکەی هەزار و 800 ساڵ بەر لە ئێستا لە کۆشکەکانی سەردەمی رۆما لە ناوچەکەدا دروستکراون، نموونەیەکی دەگمەن و تاکە".

لە شارە مێژووییەکەدا کە هەشت هەزار ساڵ بەر لە ئێستا یەکەمین شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بووە لە ئامەد و تاوەکو ئێستاش ژیان لێی بەردەوامە، ماوەی سێ ساڵە هەڵکۆڵین تێیدا دەستیپێکردووە.

سەرۆکی تیمی کنە و پشکین ئاماژەی بەوە کرد "لە ساڵی 2018 لەسەر شوێنەواری ئامیدا لە کۆشکی ئارتوکڵو دەستمان بە هەڵکۆڵین کرد. هەر لەو ساڵەدا ئەو تونێل و راڕەوانەمان دۆزییەوە کە بەردەوام لە ئامەد لە چیرۆک و ئەفسانەکاندا باسکراون، گوایە کاتێک ئامەد لەلایەن سوپاکانی ئیسلامەوە فەتح کراوە، مریەمی دارا لەوێوە هەڵاتووە. لەنێو ئەو تونێلەدا کانییەکی ئاو هەیە. لە ساڵی 2019دا، دیوانخانە و هۆڵی پێشوازییەکەمان دۆزییەوە".

تونێلەکانی ئامیدا هەم رێگای راکردن بوون و هەم رێگای گواستنەوەی ئاو. کارەکانی کنە و پشکنین لەلایەن تیمێکی خۆبەخشی 10 کەسیی سەر بە زانکۆی دیجلەی ئامەد دەکرێت لەو شوێنەوارە درێژەی هەیە.
rudaw -
Top