مەسرور بارزانی: كوردستان بە هەموو كێشەكانیەوە سەركەوتووترین نموونەیە لە عێراقدا

مەسرور بارزانی: كوردستان بە هەموو كێشەكانیەوە سەركەوتووترین نموونەیە لە عێراقدا
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستانەوە رای گەیاند كە هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕووەكانەوە بە سەرجەم كێشەكانیەوە سەركەوتووترین نموونەیە لە هەموو عێراقدا.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پرسیاری سەرۆك فراكسیۆنەكاندا رای گەیاند: ”حەز دەكەم بزانن كە وەكوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموان پەرۆشی ئەوەین دۆخی خەڵكی كوردستان باشتر بێت و بژێویی خەڵك باشتر بێت، چونكە حەز دەكەین خەڵك لێمان ڕازی بێت. بەڵام ئەوەی نەمانكردبێت هۆكار هەبووە كە نەمانكردووە“.

لەبارەی مەترسییەكان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند: ”گەورەترین مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە خۆمان وەكوو هاووڵاتیانی كوردستان تەبا نەبین و بانگەوازی ئەوە بكەین كە قەوارەی هەرێمی كوردستان پێویستە بە شێوەیەكیتر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. لە كاتێكدا قەوارەیەكی دەستوورییە و ئەركی هەموانە و ئێوەش وەك نوێنەرانی خەڵكی كوردستان لەسەرتانە پارێزگاری لێ بكەن“.

جەختیشی كردەوە: ”ئەگەر سەیری هەموو عێراق بكەین، نموونەی كوردستان بە هەموو كێشەكانیانەوە سەركەوتووترین نموونەیە لە هەموو عێراقدا، لە ڕووەكانی (ئیدارەدان، بژێویی ژیان، پاكوخاوێنی، دیموكراسی، ئاسایش و هەموو ڕووەكانی دیكە). بەڵام بابەتی هەرەسهێنانی ئابووری هەموو جیهانی گرتۆتەوە و تەنیا ئێمە نین. گرنگە یەكڕیز و یەكهەڵوێست بین و لە لایەن هەموو بۆچوونە جیاوازەكان هەوڵی پاراستنی ئەم قەوارەیە بدەین“.

لە بارەی ئەو بانگەشانەی دەكرێن گوایە حكوومەت چاكسازی لە كەمكردنەوەی مووچە كورتكردۆتەوە، مەسرور بارزانی گوتی: ”چاكسازی بڕینی مووچە و دەستكاریكردنی مووچە و خۆگونجاندن لەگەڵ مووچە نەبووە. چاكسازی لە مووچەی فەرمانبەری راستەقینە ناكرێت و ئەوەی مووچەخۆری راستەقینەیە دەبێت لە كاتی خۆیدا مووچە وەربگرێت، ئەوەی بە نایاسایی مووچە وەردەگرێت چاكسازی لەو دەكرێت. بابەتی چاكسازی بەهیچ شێوەیەك لە مووچەی فەرمانبەران ناكرێت. ئێمە بە چڕی كار لەسەر بابەتی مووچە و خەڵكی بندیوار و ئەوانە دەكەین. هەموو شتێك بەو شێوەیە نییە كە لە راپۆرتەكاندا باس دەكرێت، ئێمە كە چووینەتە ناو كارەكان بینیومانە كە بە حەقیقەت ئەوە نەبووە بەڵام كاریان لەسەر دەكەین“.

باسیشی لە خاڵە سنوورییەكان كرد و جەختی كردەوە: ”كار لەسەر خاڵە سنوورییەكان كراوە، بەڵام دەسەڵاتی حكوومەت لە رابردوودا لەسەر خاڵە سنوورییەكان لاواز بووە. لێژنەیەكمان داناوە دیراسەی ئەوە بكەن كە كام خزمەتگوزاری لە خاڵە سنوورییەكان پێویستە. پۆڵێنیان دەكەین، ئەوەی حكوومەت خۆی دەتوانێت بیكات، خۆی دەیكات، ئەوەیتر ڕێكدەخرێت بە هاوكاریی كەرتی تایبەت“. گوتیشی: ”دیاردەی قاچاخچێتی تەنیا لە خاڵە سنوورییەكاندا ناكرێت، ئێمە بەرنامەمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە كە چۆن ئەم قاچاخچێتییە كەم بكرێتەوە. بۆ ئەمەش پێویستە حكوومەتە خۆجێییەكان زۆر یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بن“.

لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەیدا مەسرور بارزانی تیشكی خستە سەر بانگەشەی هەندێك كەس گوایە ٢٠ هەزار كەس لە كابینەی نۆیەمدا دامەزرێندراون و رای گەیاند: ”ئێمە لەم كابینەیە كەسمان دانەمەزراندووە، مەگەر هەندێك كەسی پسپۆڕی شارەزا نەبێت. ئەگەر زانیارییەك هەیە بیدەن بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران تا بزانین لە كوێ ٢٠ هەزار كەس دامەزراوە“.

لەبارەی بانگەشەی ئەوانەشی دەڵێن ٦٠ ڕۆژ جارێك نیو مووچە دەدرێت، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: ”ئەمە راست نییە. لە ماوەی چواردە مانگی تەمەنی حكوومەتدا ١٢ مووچە دراوە، ئەگەر بەپێی بڕیاری حكوومەتی عێراق بوایە دەبوایە سێ مووچە هەر نەدەین، چونكە سێ مووچەیان بۆ ئێمە نەناردووە. ئێمە تووشی ئەو هەموو قەیرانە بووین، دەبوایە یارمەتیمان بدەن. ئێمە ڤایرۆسی كۆرۆنامان نەهێناوە و نرخی نەوتمان دانەبەزاندووە. زۆر وڵاتی زلهێزیش ڕووبەڕووی قەیران بۆتەوە. واز لە موزایەدات بێنن و لەگەڵ واقیع مامەڵە بكەن.

ئێمە هیچ پارەیەكمان قەرز نەكردووە تا ببێتە كێشە بۆ كابینەكانی داهاتوو“.

راستە دەبێت پشت بە خۆمان ببەستین و پڕۆژەی باشیشمان هەیە. هەزار پڕۆژەی وەبەرهێنانمان پێشكەش كردووە. زۆر كۆمپانیای وڵاتان هاتوون و هەندێكیان دەست بەكاریش بوون“.












باسنيوز



Top