خوێندنی باڵا: لە چەند رۆژی داهاتوودا زانکۆلاین کارادەبێت

خوێندنی باڵا: لە چەند رۆژی داهاتوودا زانکۆلاین کارادەبێت
کۆلێژ و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان کرانەوە، بەشێک لە زانکۆکان بە سیستەمی ئاوێتە دەستیان بە پرۆسەی خوێندن کرد و بڕیارە لەم هەفتەیەدا بەرنامەی وانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و وانەکانی نێو هۆڵەکان دیاریبکرێن.

ئالا محەممەد خوێندکارە، باسی لەوە کرد، ئەمڕۆ چوونەتەوە بۆ زانکۆ، بۆئەوەی بۆیان دیاریبکرێت کام وانانە بە پراکتیکی دەبن و چ رۆژێکیش دەبن.

محەممەد و کارزان دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی ساڵی 2019-2020ن، زیاتر لە مانگێکە چاوەڕێی کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین دەکەن و تاوەکو ئێستا وشەی تێپەڕ و نهێنیی خۆیان وەرنەگرتووە.

کارزان زۆبەیر قوتابیی دەرچووی پۆلی 12یە و دەڵێت "ئەو کۆد و یووزەرانە کە دێتەوە زۆر زۆر بە درەنگی دێتەوە، دووەم شت ئەو دەرەجانە کە ئێمە لە پۆلی شەش وەرمانگرتووە کە بزانین دەچینە چ کۆلێژێک، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین دەچینە کوێ، چونکە ئەو دەرەجەی ئێمە راستەوخۆ کۆلێژەکانمان بۆ دیاری ناکات، ئەمەش گوشارێکی زۆرمان بۆ دروستدەکات".

محەممەد عەبدولباست قوتابییەکی دیکەی دەرچووی پۆلی 12یە و باس لەوە دەکات "ئەمساڵ لەبەر ئەو نەخۆشییە زۆر درەنگ کۆدەکانیان داوە پێمان، پێمانیان راگەیاند کە بڕۆین لە قوتابخانە وەریبگرین، بەڵام من پێم نەکرا ئەمڕۆ وەریبگرم".

ناوی دەرچووانی پۆلی 12 کە ژمارەیان نزیکەی 70 هەزار کەسە، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا نێردراوە، ئەوان وشەی تێپەڕ و نهێنیی قوتابیانیان دیاریکردووە، بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان نێردراوە تاوەکو دابەشی بکەن.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت "دوای دروستکردنی وشەی تێپەڕ و نهێنی بۆ سەرجەم قوتابیانی دەرچووی پۆلی 12 و ناردنیان بۆ وەزارەتی پەروەردە بۆئەوەی خوێندکاران و قوتابیان وەریبگرن، چاوەروان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێوەیەکی فەرمی کاراکردنی زانکۆلاین بۆ سەرجەم دەرچووانی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان رابگەیێنێت".

ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا کاراکردنی سیستەمی زانکۆلاین دواکەوت و 170 قوتابیی پۆلی 12 نەیانتوانی تاقیکاریی قۆناخی کۆتایی ئەنجامبدەن، بڕیارە تاوەکو سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەموو تاقیکارییەکانیان تەواوبکرێت، سیستەمەکەش کارا بکرێت.

rudaw -
Top