سلێمانی.. لێشاوێک لە داگیرکردن و فرۆشتن و دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە
ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان گوتی: بەدەر لەمانە بەشێک لە زەویيەکانی سلێمانی بە بێ موزایەدەی ئاشکرا فرۆشراون بە کۆمپانیایەکی دیاریکراو کە دۆنمێکی بە دوو ملیۆن و نیو دینار دراوە لە کاتێکدا نرخی ڕاستەقینەی ئەم زەویانە نزیک دەبێتەوە لە 40 ملیۆن دینار، ئەم كارەش تەواو نایاساییە.
بەشێک لەو زەویانە بە دەغڵ و دانەوە مامەڵەیان پێوە دەکرێت و نەخشەی بازرگانی بۆ دەکێشرێت.
زیاد ڕەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتی: بەشێک لەو زەویانە بە ناوی دابەشکردنی زەوی بەسەر کەسوکاری شەھیدانەوە دابەشکراون و کەسانێک لێیان سوودمەند بوون، کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە کەسوکاری شەھیدانی شەڕی داعشەوە نیە.
بە پێی زانیاريیەکان بەشێک لەو زەویانە کەوتونەتە گەڕەکی ئاوبارە، ڕێگای تاسڵوجە، پشتی گۆڕستانی عەواڵ، تەنیشت فڕۆکەخانەی سلێمانی و کانی گۆمە تا تانجەڕۆ لەگەڵ بەشێک لە زەوییەکانی تەنیشت شەقامی سەد مەتری سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە، کە بە نایاسایی چەند کەسێک ھەوڵی داگیرکردنی دەدەن.
k24 -
