سەرۆك بارزانی: ڕۆڵی گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری بەرچاوە

سەرۆك بارزانی: ڕۆڵی گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری بەرچاوە
سەرۆك مه‌سعود بارزانی بەبۆنەی 50یه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21/9/2020، سه‌رۆك بارزانى بەبۆنەی 50یه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم".

سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "پێزانینم هەیە بۆ ڕۆڵی بەرزی مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی ژیانی گەلەكەمان چ لە ڕووی بڵاوكردنەوەی بیروڕای خوداناسی و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی و ئینكار لە ناو خەڵكی كوردستاندا، جگە لەوانەش ڕۆڵی مامۆستایان و گەورەزانایانی كوردی ئایینی ئیسلام لە برەودانی هزری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و قبووڵنەكردنی ستەمكاری لە مێژووی میللەتەكەماندا بەرچاو و دیارە و لەو ڕێگەیەدا قوربانیشیان داوە".

له‌ په‌یامه‌كه‌ سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: "هەمیشە و لە گشت قۆناغ و تەحەددیاتەكاندا ئەو چاوەڕوانییە لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرجەم مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی كوردستان هەیە كە لە ڕۆڵی پیرۆزی خۆیان بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی مرۆڤسالاری و میانڕەوی و قووڵتركردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری بەردەوام بن".

سه‌رۆك بارزانى هیوای سەركەوتنى بۆ یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانى خواستووه‌ و ده‌شڵێت: "لە ئەرك و كارەكانیاندا كە لە ژیان و چارەنووسی گەلەكەماندا ئەرك و كاری پیرۆز و كاریگەرن".







باسنيوز
Top