بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆریە شکاوەکەی ئاوی ئیفراز سێ چاککرایەوە

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆریە شکاوەکەی ئاوی ئیفراز سێ چاککرایەوە
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر رایگەیاند "بۆریە شکاوەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر بەتەواوی چاککرایەوە، ئەو گەڕەکانەی ئاویان پێنەگەیشتووە لە چەند کاژێری داهاتوودا كێشەی بێئاوییان نامێنێت".

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆریی سەرەکیی 1500 ملیمە شکاوەکەی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەتەواوی چاککرایەوە. خەریکی پڕکردنەوەی شوێنەکەین، دوای تێستکردنی بۆریەکە، ئەگەر کێشەی نەبێت، کاژێر 11:00 بۆ 12:00ی شەو ئاو دەگەڕێتەوە ناو تۆڕەکانی ئاوی ئەو شوێنانەی تووشی کێشەی کەمئاوی بوون".

بەهۆی کارکردن لە پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی نێوان هەولێر - گۆپاڵ، رۆژی 14ی ئەیلوولی 2020 بۆریی ئاوی ئیفراز سێ کە قەبارەکەی مەتر و نیوێکە و کێشی نزیکەی هەشت تۆنە، شکا. بۆیە چەند گەڕەکێکی هەولێر، لەوانە گەڕەکەکانی شۆڕش لە شەقامی 60 مەترییەوە تاوەکو رێگەی کەرکووک و شەقامی 120 مەتریی هەولێر و بەشێکی کەسنەزان، بێئاو بوون.

رۆژی شەممە 23-11-2019 بۆریی سەرەکیی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لەنێوان رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر - عەینکاوە شکا؛ بەهۆی شکانیەوە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی هەولێر وەکو هەولێری نوێ، حەسارۆک، راپەڕین، گوڵان و فەرمانبەران تاوەکو ئیسکان تووشی کێشەی کەمئاوی و بڕانی ئاو بوون.

پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە رۆژێکدا 200 ملیۆن لیتر ئاو بۆ هەولێر دابیندەکات.
k24 -
Top