مەلا بەختیار: نەدەبوو بەشێكی بەرچاوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕیز بۆ دیداری كازمی ببەستن
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە نووسینێكیدا بە ناونیشانی (هات و نەهاتەكەی هاتنی كازمی) كە لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”بەرنامەی هاتنەكەی مستەفا كازمی، خۆی داینابوو. جێبەجێش كرا“.
باسیشی لەوە كرد كە لە كوردستاندا میواندارییەكی كوردەوارییانە و پێشوازییەكی جوان لە كازمی كراوە، بەڵام هەندێك كەموكوڕی هەبوون كە نەدەبوو ڕووبدەن. دەشڵێت: ”زەقترین كەموكوڕی خودی كازمی كردی، هەروا، لە دەڤەری سلێمانیش، بەرپرسە حزبییەكان، كردیان“.
بە گازاندەشەوە جەختی كردۆتەوە: ”كازمی دەبوایە بەرنامەیەكی گونجاوتری بۆ دیداری حزبەكان دابنایە، خۆیشی سەری لە بارەگای سەرەكیی حزبەكان دابا. حزب بە حزب.. نەك بە هەرەوەز بیانبینێ!“.
مەلا بەختیار ڕەخنەش لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەگرێت هەروەك نووسیویەتی: ”حزبەكانیش، بە تایبەتی یەكێتی، نەدەبوو دوور لە ئەتەكێت، بەشێكی بەرچاوی مەكتەبی سیاسی و سەرووتر و خوارتریش، ریزیان بۆ دیداری ببەستایە. بەهەرحاڵ، با ئەمیش دەرسێكی ئەتەكێت بێ!“.
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی باسی لەوە كردووە، رێسای پێشوازی لە میوانێكی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق، وا دەخوازێ بەرنامەی میوانەكە رەچاو بكرێ، ”نەك هەر پارێزگایەك، بەرنامە و داخوازی هەبێ. من، نەمدی و نەمبیست، پارێزگاری هەولێر و دهۆك، داخوازینامەیان پێشكەش بە كازمی كردبێت، بەڵام بیستم، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لیستی داخوازییان داوەتە جەنابی میوان! پێم وایە.. لە هەڵەبجە، سكاڵا و داخوازی بەناوی خەڵكەوە درابا بە كازمی، باشتر بوو لەوەی پارێزگار پێشكەشی كردبا. خەڵك، دوور لە ئەتەكێت و رێسا، بۆی هەیە، سكاڵا و داخوازییان هەبێ، نەخوازەڵڵا بۆ هەڵەبجەش. هەروەك چۆن، جوتیاران لە ڕێی فڕۆكەخانە، بۆ پارەی نەدراویان، رێیان لە كاروانی میوان گرت“.
لەبارەی ئەنجامەكانی سەردانەكەی كازمی، مەلا بەختیار دەڵێت، كازمی، ”بە ئاستەم نەبێ، بەرنامەی سەفەرەكەی نەگۆڕی. لە وەڵامی میدیاكان و لە كۆبونەوەكانیشدا، دوو وەڵامی هەبووە، یەكەم: لە چوارچێوەی دەستووردا، كێشەكان چارەسەر دەكەن. ئەم قسەیە، لە بەغدادیش دەتوانێ بیكات و لەسەریشی ناكەوێ. دووەم، داخوازییەكان هەڵدەسەنگێنین و بۆ ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند بكرێ، لێژنە دادەنێین! لە تەواوی سەفەرەكەیدا گفتێكی كۆنكرێتی نەدا. تەنانەت یەك ملیۆن دیناریشی نەدایە بریندارێكی چارەسەرنەكراوی كیمیاویی هەڵەبجەش!“.
لە كۆتاییدا مەلا بەختیار جەختی كردۆتەوە:“ ”بەش بە حاڵی خۆم، لە عێراقدا، جگە لە هاوسەنگیی هێز لە نێوان كوردستان و بەغدا، لەم قۆناغەدا باوەڕم بە هیچ گفتوگۆیەك یان پەیمانێك، یاخود رێككەوتنی دوو قۆڵی و سێقۆڵیی تاسەر نییە. رێكەوتنەكان، تەنانەت بۆ مووچەش كاتین. هەموو بڕیار و رێكەوتنێك، لەگەڵ سەرۆك وەزیران، یان حزبەكان، یان هەر پۆستێكی باڵایتر، پەیوەستی دۆخی سیاسییە“.
هەروەها نووسیویەتی: ”لە عێراقدا پرۆسەیەك بە ناوی پرۆسەی دیموكراسییەوە نییە. دەستەبەری دەستووریش نییە. ئەوە مادەی (140) و ئەوەش بودجە و ئەمەش هێزی پێشمەرگە. مادەی 140 دیزەبەدەرخۆنە كراوە. بودجە و مووچە جگە لەوەی لە 5% قرتێنراوە، ئەوەی دەشی دەن، لە قوڕگی شێر دێتە دەر! هێزی پێشمەرگەش، داعش شكێن بوو، كەچی ئەمریكا مانگانە بڕێ بودجەی دەدانێ، عێراق، پۆستاڵێكی بۆ نەناردووە“.
بە پێویستیشی زانیوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حزبەكان ”عیراق وەكوو هەیە بناسن، نەك، وەكو ئارەزوویان لێی هەیە“.
basnwes
