کابینەی نۆیەم.. وێڕای دیبلۆماسییەتی سەرکەوتوو و رووبەرووبوونەوەی قەیرانەکان، لە هەڵەبجەوە تا زاخۆ خزمەت و پرۆژەی گرنگی هەیە
ھاوکات پێشیان وایە، لەگەڵ ڕەوینەوەی تەمی خراپیی دۆخی ئابووری بەسەر ھەرێمی کوردستان، لەپاڵ جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی، تا دێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش بەرەو باشتر دەچن و ئەنجامی ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووی ئیداری و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و فرە سەرچاوەیی داھات بە باشی دەرکەوتوون، کە ئەمەش ھەرێمی کوردستانی خستووەتەوە سەر سکەی پێشکەوتن.
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی (باسنیوز) سەبارەت بە کار و ھەنگاوەکانی حکوومەت کردوونی، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و حکوومەتی عێراق، بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنی کۆنکرێتی لەسەر بنەمای دەستوور، ھەروەھا ئامادەکاری کردن بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، ھەنگاوی باشیشی بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان ناوە. لەوانە: دانانی بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازیی لە دھۆک، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی پیشەسازی لەسەر رووبەری ھەزار و ٤٢٣ دۆنم زەوی، کە ئێستا دەست بە دروستکردنی کراوە و نزیکەی ٢٧٥ کارگەی جۆراوجۆری خۆراکیی لێ دەبێت و دەتوانێت زۆربەی بەروبوومی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت.?جگە لەوەش، ٢٢٩ کۆگا لەخۆ دەگرێت، کە توانایان دەبێت بەروبوومی جووتیاران بۆ ماوەی چەندین مانگ ھەڵبگرن، لەگەڵ بوونی ژمارەیەک ھۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانت و شوێنی دیکەی خزمەتگوزاری، کە تەنیا بۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ٧٠ ملیار و ١٢٨ ملیۆن دینار تەرخان کراوە.
ھەر لەو ماوەیەدا، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەک لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدیی سنووری پارێزگای دھۆک دانراوە.
لە ھەولێریش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کارەبادا چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی ھەبووە، لەوانە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەستنەوەی وێستگەی کەسنەزان بە (ھێڵی ١٣٢ کەی ڤی) و دانانی وێستگەی (١٣٢ کەیڤی سۆران) کە دەکەوێتە سەر رێگای (سۆران- رواندز)، گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانکردنی وێستگەی سۆران بە گوژمەی ٦.٧٠٠.٠٥٠ دۆلار، لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
لەگەڵ بوونی پرۆژەی وەبەرھێنان بۆ بەرھەمھێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئاو (HIDRO +)، کە لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strog oil) بە گوژمەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بنیات دەنرێن. ھەر لە ھەولێر ئێستا پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی ھەولێر- دھۆک، یەکێکە لە ڕێگا ستراتیجییەکان و دەبێتە یەکەمین پڕۆژەی بە دووسایدکردنی نێوان دوو پارێزگا، کە بەپێی ستانداردی جیھانی دیاریکراوە و کراوەتە دوو بەش، تیمەکانی کارکردن تەواوی ھەوڵەکانیان خۆیان چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ڕێگاکە تەواو بکرێت، بەشی یەکەمی پڕۆژەکە لە شەقامی ١٢٠ مەتری تا دەگاتە ئۆڤەرپاسی گەزنەیە و بەشی دووەمیش لە ئۆڤەرپاسی گەزنەوە بۆ گوندی چەمەیە.
لەگەڵ بەگەڕخستنی وێستگەی کارەبای خەبات، بە بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلار.
لەمبارەوە، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکەی، وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، کە بە تەواوکردنی کارەکانی وێستگەکە، بڕی ١٥٠ مێگاوات کارەبا بۆ ھەرێمی کوردستان زیاد دەبێت، ئەمەش سوودی بۆ زیادکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی ھەیە.
لەگەڵ دابینکردنی بڕی یەک ملیار دینار بۆ تەندروستیی ھەولێر، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
ھەروەھا ھەر لەم ماوەیەدا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەردی بناغەی پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان لە شاری دھۆک دانراوە.
جگە لەوەش، ھەر بە فەرمانی مەسرور بارزانی، بڕی ٥٠ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە زاخۆ تەرخان کراوە.
لە ھەڵەبجەش بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ تەندروستیی پارێزگای ھەڵەبجە تەرخان کرا.
ھەروەھا پڕۆژەی دروستکردنی پردی تووەقووت و بەستنەوەی پارێزگای ھەڵەبجەیە بە ئیدارەی گەرمیانەوە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی داوە.
سەبارەت بە سلێمانی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دابینکردنی بڕی زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی داوە، کە ئێستا دەست کراوە بە دروستکردنی.
ھەر بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بڕیاری خەرجکردنی چوار ملیار دینار دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی و چەمچەماڵ.
ھەروەھا بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی ١٥٠ ملیۆن دینار بۆ تەندروستیی پێنجوێن تەرخان کراوە، لەگەڵ دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ دەربەندیخان، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا.
جگە لەوانەش، لە ماوەی کابینەی نۆبەمدا، لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ٢٢٠ پڕۆژە پەسەند کراون، پڕۆژەکان لە زۆربەی کەرتەکاندا بوون، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ٦٠ پڕۆژەیان لە ھەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵدا بووە.
سەبارەت بەو کار و پڕۆژانەش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تویتێکدا، لە ماوەی رابردوو بڵاوی کردەوە، کە ٥٠٠ ملیار دینار (چوار سەد و بیست ملیۆن دۆلار) بۆ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخان کراوە.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، ژێرخانێکی پێشکەوتوو، بناغەی ئابوورییەکی مۆدێرنە، بۆیە ئێمە بە بەھای ٥٠٠ ملیار دینار بودجەمان بۆ پڕۆژەکانی کارەبا، سایلۆ، رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ تەرخان کردووە.
ئاماژەی بەوەش دا، کە بناغە بۆ کوردستانێکی بەھێزتر و خۆشگوزەرانتر دانراوە.
روونیشی کردەوە، کە ئەم پڕۆژانە بە چەند قۆناغێک ئەنجام دەدرێن و سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەگرنەوە و ھەزاران دەرفەتی کار لە ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن.
لەمبارەیەوە، شێرزاد زەکەریا، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆی دھۆک، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، مەسرور بارزانی، وەکو سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گشتی، سەرکەوتووانە توانیویانە رووبەرووی قەیرانەکان ببنەوە، کە دەتوانین بڵێین، لە ناخۆشترین سەردەمی قەیرانی پەتای کۆڕونا و ئابووریدا، حکوومەت توانیویەتی ئیدارەیەکی باشی ھەرێمی کوردستان بکات، ئێستاش ھەنگاوە کردارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەھێز دەرکەوتوون، گوتی: “حەقی خەڵکە چاوەڕێی زیاتر دەکات لە حکوومەتەکەی، چونکە ھەر چۆن منداڵان چاویان لە باوک و دایک و کەسوکاریانە زیاتریان بۆ بکات، خەڵکی کوردستانیش ھەمیشە دەیەوێ حکوومەت زیاترین پڕۆژە و خزمەتگوزاریی باشتری ھەبێت، ئەوە بەو مانایە نایەت، کە حکوومەت ھەنگاوی باشی نەناوە، بە گشتی ئەوەی تێبینی دەکرێ، ھەنگاوەکانی حکوومەت و پڕۆژەکانی لە زاخۆوە تاوەکو ھەڵەبجەیە، کە ئەوەش بنیاتێکی ئابووریی فراوان دەبەخشێتە ھەرێمی کوردستان”.
راشی گەیاند، جگە لە دۆخە ئابوورییەکە، کە دەبینرێ بەرەو باشییە، ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان فراوانتری کردووە لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و جیھانی و بەتایبەتی پەیوەندیی باشی لەگەڵ عێراق و ھاتنی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لای سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لە ھەولێر، کە ھەموو سەرکردەکانی عێراق دەزانن، سەرۆک بارزانی مەرجەعی سیاسیی کوردە، ئەوە دۆخی ھەرێمی کوردستانی خستووەتەوە سەر سکەی پێشکەوتن.
basnwes
