ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لیژنەیەکی لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دروستکردووە

ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لیژنەیەکی لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دروستکردووە

هێشتا کەرکووک رێژەیەکی زۆر ئاوارەی ئەنبار، سەلاحەدین و ناوچەکانی دیکەی عێراقی لێیە. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لیژنەیەکی بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان دروستکردووە. ئەوانەی ناگەڕێنەوە پاساویان ئەوەیە خزمەتگوزارییان نییە.

خێزانێک لە گوندەکانی نزیک بەرزاییەکانی حەمرین پێنج ساڵە بەهۆی ترسی داعشەوە ئاوارەن. ئێستا کە لەوێ لەنێو خانوویەکی تەواونەکراودا ژیانێکی سەخت بەرێدەکەنم لە گوندەکەی خۆیان خاوەن زەوی وزارێکی ئێجگار زۆرن، بەڵام نائارامی و نەبوونی خزمەتگوزاری و خاپووربوونی ماڵ و حاڵیان رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەیان.

سەلام سەڵیبی، خەڵکی گوندی تەڕفانە و دەڵێت، "دەمانەوێت ناوچەکانمان ئارام بێت تا بگەڕێینەوە. بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین ئاسایش هەبێت. خزمەتگوزاری نییە، بەتایبەت بۆ گوندەکەمان، سەرای ملێحقات هیچ خزمەتگوزارییەکی نییە. ئاوا ناتوانین بچینەوە، دۆخی ئەمنی زۆر زۆر خراپە".

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک بە ئامانجی گەڕانەوەی ئاوارەکان لیژنەیەکی ئەمنی و سەربازییان درووستکردووە. لە قۆناخی یەکەمدا ئاوارەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و باشووری داقووق و سنووری حەویجە دەگەڕێننەوە.

فەریق سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەکی باڵامان بە سەرۆکایەتیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگای کەرکووک و ئەندامێتی هەموو فیرقە و پێکهاتەی هێزەکان پێکهێناوە و سەرپەرشتیی راستەوخۆی دەکەم لەپێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان. هەروەها بە بەشداریی ئیدارەی ناوخۆیی کەرکووک و بەرپرسی یەکە ئیدارییەکان هەشت گوندمان لە پارێزگای سەڵاحەدین لە دووزخورماتوو گەڕاندوونەتەوە".

جگە لە کێشەی خزمەتگوزاری و ئەمنی، هەندێک لە گرووپ و هێزە چەکدارییەکانیش رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان. بەشێکی دیکەی ئاوارەکان پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە و ئێستا لە ناوچەکانی خۆیان کێشەی کۆمەڵایەتییان هەیە و ناتوانن بگەڕێنەوە.

ئیسماعیل حەدیدی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هەندێکیان گەڕانەوەیان لێ قەدەخەکراوە. پێویستی بە ئاشتەوایی هەیە، پێویستی بە ئاشتەوایی راستەقینەی کۆمەڵایەتی هەیە تا ئەوە تێپەڕێنین و بەربەستەکان لابچن، ئەو کات خێزانەکان بگەڕێنەوە، چونکە ناوچەکە لە رووی ئابوورییەوە کاول بووە. ئەو ناوچەیە کشتوکاڵییە، ئەگەر فەرامۆش بکرێت زۆر سەختە".

بەپێی ئاماری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی کەرکووک ئەو ئاوارانەی لە کەرکووک ماون و تۆمارکراون لای ئەوان نزیکەی 40 هەزار خێزان دەبن.

لە کۆی 7 کەمپ ئێستا تەنیا دوو کەمپ ماون، بەڵام زانیارییە نافەرمیەکان ئەوە دەڵێن کە تائێستا نزیکەی 200 هەزار ئاوارە لە کەرکووک ماون و زۆربەشیان لەنێو گەڕەکەکاندا نیشتەجێ بوون.


rudaw
Top