بەرپرسی ناوەندێکی توێژینەوە: عێراق نابێتەوە بە دەوڵەتەکەی جاران
ئەمڕۆ دووشەممە ٧ی ١٠ی ٢٠١٩، بەهرۆز جەعفەر، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی (میدیتریانە) کە لە بواری وزەدا کارەکانیان ئەنجام دەدەن، لە وتارێکدا بەناونیشانی (بەرەو دروستکردنی ڕووداوە گەورەکە: ئێستا کاتی سەربەخۆیی کوردستانە)، باسی لە وتەیەکی کارل مارکس، فەیلەسووف و بیرمەندی جیهانی کردووە کە دەڵێت: ”هەندێ ڕۆژ هەیە ڕووداوێک ڕوودەدات کە ئاوسە بە گرمۆڵەبوونی سەت ساڵی پێش خۆی“، وەک ئاماژەدانێک بە ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی عێراق و سووریا.
ڕوونیشی کردووەتەوە: ”کورد پێویستی بەوەیە هەرچی ڕق و کینە و بوغزی ساڵانی ڕابردووە بیخاتە لاوە. لەسەر پێ بێت بۆ سەندنەوەی ئەو حەقەی کە ئێستا کاتیەتی. ئەمە کاتە ڕاستەقینەکەیە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و هەڵسانەوەی کوردستان. دەوڵەتی عێراق هەرگیز نابێتەوە ئەو دەوڵەتەی کە لە پێش ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ هەبوو. ئیمڕۆکە لە دەشتی نەینەواوە تا دەگاتە خانەقین خامۆشە. لە بەغداوە تا دەگاتە بەسڕە حکوومەت نەک هەر لاوازە، بەڵکوو نەماوە و گەلێکی تووڕە شەقامەکانی داگیرکردووە. لەناو خۆپیشاندانەکانیش هێزی دیکە هەن بۆ ئامانجی خۆیان“.
بەهرۆز جەعفەر هەروەها دەڵێت: ”ئێستا کاتیەتی گەلی کورد، هاووڵاتییان، شەقامەکانی کوردستان بتەننەوە و داوای سەربەخۆیی بکەن، بۆ ئەوەی ئەو سەرکردایەتییە لە باشووری کوردستان هەیە، ملکەچ بن بە داواکانی خەڵک و بێنە ژێربار. ئەمە ساتەوەختێکە کە بە تەڵە شقارتەیەک دارستانێکی گەورە و بەرین ئاگر دەگرێت. یەکپارچە کوردی ڕۆژئاوا و باکووریش دەبنە پشتیوانی ئەم دەوڵە سەربەخۆیە“.
بە بڕوای ئەو توێژەرە، ئێستا ئەردۆگان لەشەڕێک دەگەڕێ لە دەوروبەر کە کەوتن و لەرزینی خۆی لەناوخۆی تورکیادا بیر بباتەوە، تەنانەت هەرچی بباتەوە، ئەوە ناباتەوە کە بێتە ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە ”بڕیاری کۆتایی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی دەریای سپی (ئیسرائیل، میسڕ، قوبرس و یۆنان) بەپاڵپشتیی ئەمریکا و ناتۆ ئەوەیە کە تورکیا هیچ ڕۆڵێکی نابێت لە هیچ سووچێکی دەریای ناوەڕاستدا“.
هەروەک باسیشی لەوە کردووە کە لەم ساتەدا بۆ ئێران، بەغدا گرنگە و ئێستا تەواوی فۆکەسی ئێران لەسەر بردنەوەی بەغدایە.
بەهرۆز جەعفەر پێیوایە، گەورەترین مەغزای پشت بەیاننامەکەی کۆشکی سپی کە لە کاتژمێر ١١ی شەوی ڕابردوودا دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بەناڕاستەوخۆ بڕیار دەدات ڕۆژئاوای کوردستان بداتە دەست هێزەکانی تورکیاوە تا داگیری بکات، ”تەنها کارتێکی کاتییە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر سەرکەوتنەکانی ئێران لە بەغدا و لە ئاڕاستەکردنی خۆپیشاندانەکان، چونکە تورکیا و ئێران بەرژەوەندییان هەیە و دووریش نییە ئەگەر ئێران لەبەغدا سەربکەوێت و حکوومەتەکە بڕووخێ و تورکیا ڕۆژئاوا داگیر بکا و داعش بگەڕێتەوە، بۆیە ئەمە ساتەوەختێکی ترسناک و پڕ تەحەددایە، بەهەمان ئەندازەش دەرفەتێکی گەورەی لەگەڵ خۆی هێناوە“.
هەر لە وتارەکەیدا ئەم توێژەرە داوا لە میللەتی کورد دەکات، ”بۆ سەربەخۆیی ڕاپەڕێت، سەربەخۆیی کات و تەوقیتی خۆی هەیە، ئەمە فاکتەری یەکبوونە، فاکتەری چاکسازیی ڕاستەقینەیە“
باسنيوز
